ئەڤین ئینجیر سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا، لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی هەرێم کرد و هێرشەکەی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرد.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، ئەڤین ئینجیر، پەرلەمانتاری ئەوروپا کە بە رەچەڵەک کوردە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر پیرمام خستەڕوو.
ئینجیر لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: پێویستە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی ئێران بکرێت کە نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
پەرلەمانتارەکەی ئەوروپا ئاماژەی بە مەترسیی ئەم هێرشانە کرد و نووسیویەتی: ئەم هێرشە قبووڵنەکراوانە پێشهات و پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. پێویستە سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە تەواوەتی رێزی لێبگیرێت.
ئەڤین ئینجیر جەختی لە پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند: هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی خۆم بۆ سەرۆکوەزیران بارزانی و تەواوی گەلی هەرێمی کوردستان دەردەبڕم.