ترەمپ: لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا بەرەوپێشچوونی باش هەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پێشکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە لە پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی ئێران.

دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، تیمە ئەمریکییەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ رۆشتن بەرەو قەتەر و پێشبینی دەکات کۆبوونەوەی دەوحە کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، نرخەکانی نەوت بە توندی دابەزیون و لە دابەزینیش بەردەوامن.

لە بەرامبەردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لە گفتوگۆ کرد بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی، بەڵام جەختی کردەوە، لە دانوستانەکاندا هیچ سازشێک ناکەن، پزیشکیان گوتی: "ئێران بووەتە هێزێکی کاریگەر لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا و دوژمن سەرەڕای فشارەکان نەیتوانیوە بمانچەمانێنێتەوە." راشیگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن هەلی ئابوورییان رەخساندووە و بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە لوبنان.

پێشتر ترەمپ لە رێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاندبوو، "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و ئاشکرای کرد، تاران خۆی داوای ئەم کۆبوونەوەیەی دەوحەی کردووە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وڵات لە رۆژانی داهاتوودا لە قەتەر کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوولادا هەیە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوبژێوانەکان کەناڵی پەیوەندی تایبەتیان دروستکردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەر رووداوێکی ئەگەری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا.

لە لایەکی دیکەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو شاندەی ئێران کە سبەی سێشەممە سەردانی دەوحە دەکات بە مەبەستی کۆبونەوە و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناچێتە قەتەر، بەڵکو بۆ چاودێری و جێبەجێکردنی ئەو بەدانەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن دەڕۆن کە پەیوەستە بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران.