هیندستان.. دزینی "نەفتا" کارەسات دەنێتەوە و پاڵاوگەیەک دەسووتێنێت

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە هێڵێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە پاڵاوگەی "هالدیا" لە رۆژهەڵاتی هیندستان، چەندین کەس بریندار بوون و کۆمپانیاکەش دەڵێت "ئاگرەکە لە خاڵێکی دزینی نایاسایی ماددەی نەفتا" کەوتووەتەوە.

رۆژی سێشەممە 30 حوزەیرانی 2026، میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە هێڵێکی گواستنەوەی ماددەی "نەفتا" لە پاڵاوگەی هالدیا لە ویلایەتی بەنگالی رۆژئاوا کەوتووەتەوە. دیمەنە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئاستی ئاگرەکە زۆر بووە و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.

کۆمپانیای "هالدیا پێترۆکیمیاوی" کە خاوەنی پاڵاوگەکەیە، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوەکە لە نزیک خاڵێکی دزینی نایاسایی ماددەی نەفتا بووە کە لە دەوروبەری کارگەکە جێگیر کراوە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئاگرەکەوە چەند کەسێک بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا پرۆسەی کارکردن لە ناو پاڵاوگەکەدا بەهۆی ئەو ئاگرەوە پەکیکەوتووە یان نا.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، پێشتر چەندین جار هۆشدارییان دابووە دانیشتووانی ناوچەکە کە نزیک نەبنەوە لە بەرهەمە نەوتییەکان و دەستکاری هێڵەکانی گواستنەوە نەکەن، چونکە مەترسیی گەورەی گیانیی لێدەکەوێتەوە. ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی هۆکاری وردی رووداوەکە بەردەوامن.