وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: سوپا لە ئامادەباشیدایە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا، ئەگەر تاران مووشەک ئاراستەی خاکی ئیسرائیل بکات، رەنگە وڵاتەکەی سبەی یان لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ ئێران بکەوێتە جەنگەوە. راشیگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربەخۆ بە ناوی "شین و سپی" دژی ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران دەکات.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پەیامنێرانی سەربازی و دیپلۆماتکاران ئاماژەی بەوە کرد، دوو سیناریۆی سەرەکی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە ئارادایە، یەکەمیان بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گورزە سەربازییەکان دوای کۆتاییهاتنی دانوستانەکان. دووەمیان هەڵدانی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "ئەگەر ئێران مووشەک بگرێتە ئیسرائیل، ئێمە بە توندی وەڵامی دەدەینەوە. هیچ هاوکێشەیەک قبوڵ ناکەین کە رێگە بدات ئێران هێرش بکات و وەڵام نەدرێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، سوپا چاوەڕوانی فەرمانە و ئامانجەکان دیاریکراون.
کاتز جەختی کردەوە، نایانەوێت هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە دەوحە پەک بخەن، بەڵام گوتیشی: "کاتێک پرسەکە پەیوەندی بە بەرگریکردن لە خۆمانەوە هەبێت، هیچ سازشێک لە لوبنان و ئێران ناکەین و ئەم هەڵوێستەمان بە روونی بە ئەمریکییەکان گەیاندووە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: هەرچەندە ئێران هێشتا توانای مووشەکیی ماوە، بەڵام ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوودا دەستکەوتی گەورەی هەبووە و ئێستا سەرکردایەتیی ئێران لە پەناگەکاندا دەژین.