مەسعود پزیشکیان: دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا بە ئاگاداری موجتەبا خامنەیی بووە

لەدانوستانەکان سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئەمەریکا کراوە بە تەواوی بە ئاگاداری موجتەبا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، جەختی لەوەشکردەوە، تاران لە دانوستان لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە ماف و بەرژەوەندی و بنەما نیشتمانییەکانی پاشەکشە ناکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، رێککەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، وڵاتەکەی "لە دانوستانەکانمان لەگەڵ واشنتن هیچ سازشێک لەبارەی ماف و بەرژەوەندیی و پرەنسیپە نیشتمانییەکانی ناکەین".

پزیشکیان راشیگەیاند، "جێگەی داخە لەناوخۆی وڵات لایەن هەیە هەوڵی شێواندنی وێنەی تیمی دانوستانکار دەدات"، بە ئاماژەدان بەو رەخنە ناوخۆییانەی کە حکوومەت رووبەڕووی دەبێتەوە سەبارەت بە گفتوگۆکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دوێنێ دووشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، تیمە تەکنیکییەکانی ئێران و ئەمریکا رۆژی سێشەممە، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە و باس لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوولا واژۆ کراوە، دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، تیمە تەکنیکییەکان ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان پێسپێردراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوبژیوانان کەناڵی پەیوەندی تایبەتیان دامەزراندووە بۆ ئەوەی هەر رووداوێکی ئەگەری لەخۆبگرن و گرژییەکانی نێوان هەردوولا کەمبکەنەوە.

واشنتن و تاران لە 17ـی حوزەیرانی 2026ـدا یادداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ راگرتنی دەستبەجێی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، بە شێوازی ئۆنلاین واژۆ کردبوو.

دواتریش لە 21ـی ئەم مانگەدا لە شارۆچکەی بێرگنشتۆکی سویسرا، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە ژێر چاودێریی قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا بناخەیەک بۆ دانوستاندنی تەکنیکیی داهاتوو لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتەکە دانرا.