بڕۆکلی و ماددەیەکی تر دەبنە پارێزەری ماسولکەکان لە کاتی پیریدا
توێژینەوەیەکی نوێی چینی کە لە گۆڤارە زانستییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی (بڕۆکلی) لەگەڵ جۆرە ترشێکی ئەمینی بە ناوی "لیوسین"، یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە کاتی تەمەندا ماسولکەکانی لاواز نەبن و لەدەستیان نەدات.
زاناکان تاقیکردنەوەیان لەسەر مشک کردووە و بۆیان دەرکەوتووە ئەو مشکانەی ئەم تێکەڵەیان پێدراوە، ماسولکەکانیان بەهێزتر ماوەتەوە، توانای راکردن و وەرزشکردنیان زیاتر بووە و کەمتر تووشی ماندووبوون بوون.
بۆچی ئەم تێکەڵەیە گرنگە؟
ئەم توێژینەوەیە دەڵێت تێکەڵکردنی بڕۆکلی و لیوسین تەنها رێگری لە لاوازبوونی ماسولکە ناکات، بەڵکو کار دەکات بۆ:
1. چالاککردنی ئەو جینانەی بەرپرسن لە گەشەکردن و چاککردنەوەی ماسولکەکان.
2. کەمکردنەوەی هەوکردن لە ناو لەشدا.
3. رێگریکردن لە تێکچوونی شانە ماسولکەییەکان.
سوودە گشتییەکانی بڕۆکلی
پسپۆڕانی خۆراک ئاماژە بەوە دەدەن کە بڕۆکلی یەکێکە لە باشترین سەوزەکان بۆ جەستە، چونکە:
دەوڵەمەندە بە ڤیتامین K کە بۆ تەندروستی ئێسک و خوێن گرنگە.
بڕێکی زۆر ڤیتامین C تێدایە.
ماددەی 'کرۆم'ـی تێدایە کە یارمەتی رێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا دەدات.
ئەم دۆزینەوەیە رێگەیەک نیشان دەدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مرۆڤەکان لە رێگەی سیستەمی خۆراکەوە بتوانن لە تەمەنی پیریدا بە چالاکی و بەهێزی بمێننەوە.