قەتەر: ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ناکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایدەگەیەنێت، شاندێکی باڵای ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نێوەندگیرەکان لە دەوحەن، بەڵام جەخت دەکاتەوە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆنابنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، د. ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا لە دەوحەن بۆ ئەوەی لەگەڵ نێوەندگیرەکان کۆببنەوە و تاوتوێی رەوتی دانوستانەکان بکەن.
گوتەبێژەکە روونیشی کردەوە، هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاستی باڵا لە نێوان ئەمریکا و ئێران بڕیاری لەسەر نەدراوە، هاوکات ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە بە هیچ شێوەیەک راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی تاران کۆنابنەوە.
ئەنساری رەتیکردەوە ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئێران دەستی بەسەردا گیرابوو گواسترابێتەوە، گوتیشی ئەو پارەیە تەنیا بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی تەرخان کراوە.
سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکەش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ سەڵتەنەتی عوممان هەیە بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام بۆ کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 29ـی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئێرانییەکان داوای کۆبوونەوەیەکیان کردووە و ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی حوزەیران، شاندی دانوستانکاری هەردوو وڵات لە دەوحە کۆدەبنەوە.
شەوی رابردووش، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاستی باڵا لە نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لە دەوحە بەڕێوەبچێت.