ناتانیاهۆ: 92%ـی مووشەکەکانی حزبوڵڵامان لەناو بردووە

ناتانیاهۆ: تا هەڕەشە مابێت لە لوبنان ناکشێینەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە گەورەترین جبەخانەی مووشەکیی سەر زەوی لە لوبنان تێکبشکێنن و ئێستا تەنیا 8%ی توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا ماوەتەوە؛ ناتانیاهۆ جەخت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە خاکی لوبنان ناکشێنەوە تاوەکو حزبوڵڵا بە تەواوەتی چەک نەکریت.

سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری سوپا لە باشووری لوبنان، ستایشی کارەکانی سوپای کرد و رایگەیاند: "ئێمە خەریکی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی سەنگەرەکانی ئێرانین. هێرشمان کردە ناو جەرگەی ئێران و هەڕەشەیەکی جددیمان لەسەر ئیسرائیل لادا."

ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، حزبوڵڵا کە گرنگترین سەنگەری ئێران بوو، خاوەنی 150 هەزار مووشەک بوو، بەڵام ئێستا تەنیا 8%ی ئەو جبەخانەیەی ماوەتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکو ئێستا نزیکەی 9000 چەکداری ئەو گرووپەیان کوشتووە، کە سەدانیان تەنیا لە هەفتەی رابردوودا بووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کرد لە چەمکی ئاسایشی وڵاتەکەیدا و گوتی: "ئێمە ناوچەی ئارام دروست دەکەین، بەڵام نەک لە ناو خاکی خۆمان، بەڵکو لە ناو خاکی ئەوان، وەک ئەوەی لە غەززە و سووریا کردوومانە. رێگا نادەین هیچ سوپایەکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانمان دابنیشێت و هەموو ژێرخانێکی سەر زەوی و ژێرزەویشیان تێکدەدەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ ئاماژەی دا، "ئێستا لوبنان دان بە ئیسرائیلدا دەنێت و ئیسرائیلیش دان بە لوبناندا دەنێت، هەردوولامان بە ئێران و حزبوڵڵا دەڵێین لێرە بڕۆنە دەرەوە، ئێمە دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەرین و دەمانەوێت ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ باکووری وڵاتەکەمان و دانیشتووانی لوبنانیش بگەڕێنینەوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، "ئەمە مشتەکۆڵەیەک بوو بۆ دەموچاوی سەنگەرەکانی ئێران. ئێمە لە باشووری لوبنان دەرناچین تاوەکو هەڕەشەکان بە تەواوەتی بنبڕ دەکرێن، تا ئەو کاتەی حزبوڵڵایەکی چەکدار لەوێ بێت و هەڕەشەمان لێ بکات، ئێمە لەوێ دەمێنینەوە."