کوەیت بە 400 ملیۆن دۆلار سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی لە نەرویج دەکڕێت
کۆمپانیای "کۆنگسبێرگ" (Kongsberg)ی نەرویجی رایگەیاند، سیستەمێکی مووشەکیی پێشکەوتوو بۆ وڵاتی کوەیت دابین دەکات؛ ئەم هەنگاوەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە خاکی کوەیت رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بووەوە.
سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، کۆمپانیای کۆنگسبێرگی نەرویجی بۆ پیشەسازیی سەربازی، ئاشکرای کرد کە بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای رایتیۆنی ئەمریکی و لە چوارچێوەی بەرنامەی فرۆشتنی سەربازیی دەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کوەیت دابین دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە، بەهای گرێبەستەکە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلارە و سیستەمی مووشەکیی زەوی بۆ ئاسمانی جۆری (NASAMS) دەگرێتەوە. ئەم سیستەمە کە سیستەمێکی گەڕۆک و پێشکەوتووە، یارمەتی کوەیت دەدات بۆ پاراستنی دانیشتووان و ژێرخانە گرنگەکانی وڵاتەکە لە هەڕەشە ئاسمانییەکان.
ئەم کڕینە سەربازییە لە کاتێکدایە کە لە لە ماوەی جەنگی ئێران، خاکی کوەیت رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبووەوە. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی گرتە ئەستۆ و وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئێرانییەکان وەسفی کرد.
سیستەمی "ناسامس" (NASAMS) یەکێکە لە ناسراوترین سیستەمە بەرگرییەکانی جیهان و ئێستا لەلایەن 15 وڵاتی جیاوازەوە بەکاردەهێنرێت، کوەیت بە کڕینی ئەم سیستەمە دەبێتە نوێترین وڵات کە بە هاوکاریی تەکنیکیی ئەمریکا و نەرویج ئاسمانی خۆی دەپارێزێت.