پاکستان چوار درۆنی ئەفغانستانی تێکشکاند
سوپای پاکستان رایگەیاند، چوار درۆنی تێکشکاندووە کە لە خاکی ئەفغانستانەوە ئاراستەی هەرێمی بەلوچستان کرابوون.
سوپای پاکستان دەڵێت، تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان دەستبەجێ درۆنە دەستکردەکانی تاڵیبانیان ناسیوەتەوە و خستوویاننە خوارەوە. هەروەها هۆشدارییان داوە، ئەگەر تاڵیبان بەردەوام بێت لەم جۆرە کردەوانە، وەڵامێکی توند دەدرێنەوە کە باجەکەی قورس دەبێت.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی تاڵیبان رایگەیاند، ئەوان هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە ناوچە سنوورییەکانی پاکستان (بەلوچستان و خەیبەر پەختونخوا) ئەنجامداوە و زیانیان پێ گەیاندوون. بەڵام پاکستان هەبوونی داعشی لە ناوچەکانی خۆی رەتکردەوە و تاڵیبانی بەوە تۆمەتبار کرد، دەیەوێت خەڵکی خۆی چەواشە بکات.
لە چەند رۆژی رابردوودا پاکستان هێرشی ئاسمانی کردە سەر رۆژهەڵاتی ئەفغانستان. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەو هێرشانەدا 28 کەسی سڤیل کوژراون، بەڵام پاکستان دەڵێت 29 چەکداری توندڕەویان کردووەتە ئامانج.
پەیوەندییەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان لە ساڵی 2021ەوە (دوای هاتنە سەرکاری تاڵیبان) ئاڵۆزی تێدایە. ئیسلام ئاباد تاڵیبان تۆمەتبار دەکات بەوەی حەشارگەی داوە بە چەکدارانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان - TTP کە هێرش دەکەنە سەر خاکی پاکستان. لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی ئەفغانستان ئەمە رەت دەکەنەوە و دەڵێن؛ پاکستان سەروەریی خاکی وڵاتەکەیان دەبەزێنێت.