ترەمپ چانسی کۆتایی دەداتە ئێران
سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی پرسی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران تاوتوێ دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا چانسێکی کۆتایی بە دیپلۆماسی دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بیت هیگسێت وەزیری جەنگی و دان کین سەرۆکی ئەرکانی سوپا ئەنجامداوە. لەم کۆبوونەوانەدا پلانە سەربازییەکان و ئەگەری وەشاندنی گورزی کوشندە بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان خراونەتە روو. هەندێک لە بەرپرسان ئەم هەنگاوە بە تەواوکردنی ئەرکە ناتەواوەکە ناودەبەن.
سەرەڕای ئامادەباشی سوپا، ترەمپ بڕیاریداوە جارێ لەسەر رێگەی دیپلۆماسی بەردەوام بێت. ئەو پێیوایە هێرشکردن ئێستا رەنگە دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گەورە لەناو ببات، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ترەمپ بە ئاشکرا دەڵێت: "دانوستانەکان باش دەچنە پێشەوە، بەڵام ئەگەر ئێران رازی نەبێت بەوەی من دەمەوێت، ئەوا دەگەڕێینەوە سەر بژاردە سەربازییەکە و ئەوە دەکەین کە پێویستە."
لەکاتێکدا هەڕەشەی جەنگ هەیە، نێردە تایبەتەکانی ترەمپ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لە دەوحەی پایتەختی قەتەرن بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان. تەنانەت بۆ رێگری لە هەر هەڵە تێگەیشتنێک، هێڵێکی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) و سوپای پاسدارانی ئێران دروستکراوە.
دوو کێشەی سەرەکی رێگرن لە رێککەوتن، ئێران داوا دەکات سەرانە لەو کەشتیانە وەربگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، بەڵام ئەمریکا ئەمە بە توندی رەت دەکاتەوە. هەروەها واشنتن دەیەوێت کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکە بهێنێت، بەڵام تاران هێشتا بە تەواوی هاوکار نییە.
ترەمپ پێشتر بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە؛ نایەوێت وڵاتەکەی بخاتە ناو جەنگێکی گەورەوە، تەنیا لە یەک حاڵەتدا نەبێت: ئەگەر ئێران ببێتە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکی.
ئەو پێیوایە رێککەوتنێکی بەهێز، باشترە لە بۆردومانکردن، چونکە جەنگ دەبێتە هۆی پەککەوتنی بازرگانی جیهانی و کوژرانی خەڵکێکی زۆر.
چاودێران پێیان وایە ترەمپ یارییەکی دووسەرە دەکات؛ لە لایەک بە سزا ئابوورییەکان و هەڕەشەی سەربازی فشار دەخاتە سەر ئێران، لە لایەکی دیکەشەوە دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتووەتەوە تا تاران ناچار بکات بە مەرجەکانی ئەمریکا رازی بێت.