بەهۆی رووخانی بنمیچی سەنتەرێکی فێرکاری لە پاکستان نزیکەی 15 منداڵ گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی تیمی فریاگوزاری پاکستان رایانگەیاند، بەهۆی داڕووخانی بنمیچی سەنتەرێکی فێرکاری لە شاری لاهور لە رۆژهەڵاتی پاکستان، 14 منداڵ گیانیان لەدەستدا، هەروەها لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.

دەزگای فریاگوزاری لە هەرێمی پەنجاب ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی رزگارکردن تەرمی منداڵەکان و مامۆستایەکی تەمەن 30 ساڵانیان لەژێر داروپەرووی سەنتەرە فێرکارییە تایبەتەکەدا دۆزیوەتەوە.

راشیگەیاند، تەمەنی ئەو منداڵانەی گیانیان لەدەستداوە لە نێوان 5 بۆ 16 ساڵاندایە، کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار 9 ساڵییەوە بووە.

ئەزما بوخاری، وەزیری راگەیاندنی هەرێمی پەنجاب رایگەیاند، بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، سەنتەرەکە مۆڵەتی فەرمی نەبووە و لەناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی تایبەتدا بووە کە بنمیچەکەی کۆن و داڕوخاو بووە.

ئەم جۆرە سەنتەرانە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەرانسەری پاکستاندا هەن، کە منداڵان دوای کاتی دەوامی فەرمی قوتابخانەکان بۆ وانەی زیادە روویان تێدەکەن.

ئەزما بوخاری باسی لەوەشکردووە "ئەگەر سەلمێنرا کەمتەرخەمی، غەفڵەت یان هەر پێشێلکارییەکی یاسایی بوونی هەبووە، ئەوا بەرپرسانی ئەم کارە رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەبنەوە."

وەزیری راگەیاندن ئاماژەی بەوەش کرد، رێنمایی دراوە بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی پەنجاب بۆ ئەوەی پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارینی مۆنسۆن، پشکنین بۆ هەموو ئەو باڵەخانانە بکەن کە سەلامەت نین، هۆشداریشی دا کە یاسای توندتر بەسەر سەنتەرە فێرکارییە بێ مۆڵەتەکان و دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتەکاندا دەسەپێنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆکی پاکستان، خەمباریی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە دەربڕی و داوای کرد رێکاری ئەمنی بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتە دڵتەزێنانە.