کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا دیاریکرا

حکوومەتی فەرەنسا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی لە بەهاری 2027دا راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیمانوێل ماکرۆن ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە و راستڕەوە توندڕەوەکانیش ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین دەرفەتی خۆیان دەبینن بۆ گەیشتن بە کۆشکی ئێلیزێ.

چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026، مۆد برێگۆن، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی، رایگەیاند خولی یەکەمی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە لە 18ی نیسانی 2027دا بەڕێوەدەچێت، و خولی دووەم و یەکلاکەرەوەش لە 2ی ئایاری هەمان ساڵدا ئەنجام دەدرێت.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئێستای فەرەنسا، دوای تەواوکردنی دوو خولی سەرۆکایەتی، بەپێی دەستوور ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە پارتی راستڕەوی توندڕەوی "کۆبوونەوەی نیشتمانی" پێشەنگی دەنگەکانە و ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین دەرفەتی خۆی دەبینێت بۆ گەیشتن بە کۆشکی ئێلیزێ.

مارین لۆپێن هیوادارە بۆ جاری چوارەم لە ژیانی سیاسییدا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکات، بەڵام چارەنووسی سیاسیی ئەو بە تەواوی بەستراوەتەوە بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە کە بڕیارە لە 7ـی تەممووزدا دوای چەند رۆژێکی دیکە دەربچێت. ئەگەر دادگا بە تۆمەتی خزمەتگوزاری و کاری ساختە لە پەرلەمانی ئەوروپا سزای قەدەخەکردنی بەشداریکردن لە کاری سیاسی بەسەردا نەسەپێنێت، ئەو بە فەرمی دەبێتە کاندیدی حزبەکەی.

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کاندیدەکانی پارتە جیاوازەکان و پەڕتبوونی دەنگەکان، چاودێران پێشبینی دەکەن کە چانسی سەرکەوتنی لایەنە توندڕەوەکان بۆ خولی دووەم زۆر زیاتر بێت، ئەمەش دیمەنێکی سیاسیی ئاڵۆز و جیاواز لە داهاتووی فەرەنسادا دەخوڵقێنێت.