عێراق دەبێتە جێی سەرنجی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، پشتیوانیی وڵاتانی کەنداوی بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی نوێی عێراق لە پێناو چاکسازیی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕی و، ئامادەیی بۆ فراوانکردنی هاوبەشی لەگەڵ بەغدا نیشاندا.

چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، پێشوازیی لە جاسم محەمەد بەدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو و شاندی یاوەری کرد.

بە پێی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو تاوتوێ کران، هاوکات باس لە رێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە دوولایەنە لە بوارە جیاجیاکاندا چڕکرایەوە بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و پشتیوانی لە بنەماکانی گەشەپێدان و بووژانەوە بکات.

لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پەرۆشیی حکوومەتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا کردەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێت کە لەسەر بنەمای بونیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن، خاوەن سەروەریی تەواو، ئابوورییەکی بەهێز و سەپاندنی یاسا دامەزراوە، لەگەڵ رێزگرتن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، ستایشی ئەو هەنگاوە چاکسازییانەی کرد کە عەلی زەیدی بۆ بەهێزکردنی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و بونیاتنانی پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەستی پێکردوون.

هەروەها ئامادەیی ئەنجوومەنەکەی نیشاندا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.