سێنتکۆم و سەرکردەی 11 وڵاتی ناوچەکە کۆبوونەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەرکردایەتی دیالۆگێکی ئەمنیی باڵای بۆ سەرکردە سەربازییەکانی 11وڵاتی ناوچەکە لە بەحرەین کرد؛ لە کاتێکدا کۆبوونەوەکە سەرنجی خستە سەر ئاسایشی گەرووی هورمز، بۆ یەکەمجار بەرپرسانی سەربازیی سووریا و لوبنان لە کۆنفرانسێکی ئەمنیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێکەوە بەشدار بوون.

سێنتکۆم راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ 1ـی تەممووزی 2026، لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین و بە میوانداریی هێزەکانی بەرگریی ئەو وڵاتە، دیالۆگێکی ئەمنیی هەرێمی بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، هاوشانی بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتانی بەحرەین، میسر، ئوردن، کوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعوودیە، سووریا، ئیمارات و یەمەن بەشدار بوون.

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی ژینگەی ئەمنیی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگریی نێوانیان کرد. سەرکردە سەربازییەکان جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشیان کردەوە بۆ پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی بازرگانی و کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

کووپەر لەم بارەیەوە رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام دەبین لە وەستان شانبەشانی هاوبەشە هەرێمییەکانمان، و ئەم گفتوگۆیانەش گوزارشت لە پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن."

ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا، خاوەنی پێشکەوتووترین و گەورەترین چەتری بەرگریی ئاسمانی و مووشەکین. لەم چوارچێوەیەدا، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، سێنتکۆم و وڵاتانی ناوچەکە شانەیەکی نوێی هەماهەنگیی بەرگریی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دامەزراندووە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری، هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکان و بەرپەرچدانەوەی حاڵەتە لەناکاوەکان.

ئەم دیالۆگە ئەمنییە لە رووی سیاسی و سەربازییەوە وەک پێشهاتێکی گرنگ سەیر دەکرێت، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا سەرکردە سەربازییەکانی سووریا و لوبنان بەشداری لە کۆنفرانسێکی بەرگریی هەرێمیدا بکەن کە راستەوخۆ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت.