سەربازێکی ئەمریکی لە دەریای عەرەب ون بووە و سێی دیکەش برینداربوون

هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی نیشتنەوەی ناچاریی هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە دەریای عەرەبدا، سەربازێکی ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی بێسەروشوێن بووە و سێ سەربازی دیکەش رزگارکراون؛ سوپای ئەمریکاش دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە کە رووداوەکە بەهۆی هێرشەوە بووبێت.

سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026، هێلیکۆپتەرێکی سەربازی لە جۆری "MH-60 SC Hawk" بە ناچاریی لە دەریای عەرەبدا نیشتووەتەوە؛ سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە هیچ هۆکارێک نییە بیسەلمێنێت رووداوەکە بەهۆی هێرشێکی دوژمنکارانەوە روودابێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، سێ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانیی ناو هێلیکۆپتەرەکە رزگارکراون و باری تەندروستییان جێگیرە، بەڵام یەکێکی دیکە لە ئەندامانی تیمەکە هێشتا بێسەروشوێنە.

لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکادا هاتووە: "ئێستا کەشتییە دەریاییەکانمان لە ناوچەکەدا سەرقاڵی پرۆسەی گەڕان و پشکنینن بۆ دۆزینەوەی ئەو سەربازەی کە هێشتا بێسەروشوێنە. هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە بارودۆخ و هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکە دەستیپێکردووە."

راگەیەندراوەکە ئاشکراشی کردووە کە هێلیکۆپتەرەکە لەسەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری "USS George H.W. Bush"ەوە فڕیوە و ئەرکی پێسپێردراوە.

رۆیتەرز ئاماژەی داوە، نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر لەسەر رووی ئاو دەکرێت زۆر مەترسیدار بێت، تەنانەت بۆ فڕۆکەوانە بەئەزموونەکانیش، چونکە ئەو فڕۆکە و هێلیکۆپتەرانەی کە کێشی بەشی سەرەوەیان قورسترە، لە کاتی نوقمبوونیاندا لەسەر ئاو مەترسیی وەرگەڕانیان زۆرە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدا دێت کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە دۆخی ئامادەباشی دان، بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و پێکدادانە کاتییانەی جاربەجار لە چوارچێوەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاراندا روودەدەن.