یەکێتیی زانایان: دکتۆر عەبدوللەتیف ئەندامی ئێمە نییە
یەكێتیی زانایان بۆ ئەوقافی سلێمانی: لە بارەی دۆسیەی دکتۆر عەبدوللەتیف رێکاری پێویست بگرنە بەرو هەڵوێستی پێویست و پەیوەست وەربگرن
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆسیەی دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەدەوە بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تەمموزی 2026، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد ئەندامی ئێمە نییە و داوا لە هاووڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە لەم پەنایە هیچ جۆرە سوکایەتیەک بە پیرۆزییەکان و زانایانی ئایینی و مزگەوت و مینبەر نەکەن، چونکە کەس تاوانی کەس هەڵناگرێت و کرداری موسڵمانیش لەسەر ئیسلام حیساب نیە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی / بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی دەکەین رێکاری پێویست بگرنە بەرو هەڵوێستی پێویست و پەیوەست وەربگرن.
دەقی راگەیەنراوەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
لەبەر ئەوەی (د.عبداللطيف ئەحمەد) ئەندامی ئێمە نیەو، فەرمانبەر بووە لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، وەک چوارچێوەی یاسایی مەبەستمان نەبوو هیچ قسەیەک بکەین، لەبەر ئەوەی لێژنەی زانکۆی سلێمانی بۆ کەیسەکە راسپێردرا لێکۆڵینەوەو کاری پێویست بکەن، دواجار لەسەر راپۆرتی لێژنەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری خۆی دەرکرد.
لەو سۆنگەوە کە پێگەی مزگەوت و پیشەی مەلایەتی گرنگ و هەستیارەو پێوستی بە پارێزبەندی هەیە و بەلای ئێمەوە جێی بایەخە، لەبەر ئەوە داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی / بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی دەکەین رێکاری پێویست بگرنە بەرو هەڵوێستی پێویست و پەیوەست وەربگرن.
داوا لە هاوڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە لەم پەنایە هیچ جۆرە سوکایەتیەک بە پیرۆزییەکان و زانایانی ئایینی و مزگەوت و مینبەر نەکەن، چونکە کەس تاوانی کەس هەڵناگرێت و کرداری موسڵمانیش لەسەر ئیسلام حیساب نیە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
1ی7ی2026