قالیباف: رێگە بە پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکانمان نادەین

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە رێگەدان بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەن بۆ پشکنینی ئەو وێستگە ئەتۆمییانەی لەم دواییانەدا بۆردومان کراون.

چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ راستییەک لەو دەنگۆیانەدا نییە کە دەڵێن ئێمە رێگەمان بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان بکات." 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو بەڵێنانەی دراون تەنیا سنووردارن بە رێگەدان بە پشکنینی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر و کورەی توێژینەوەی تاران.

دەشڵێت: سەرلەبەری ئەو هەواڵانەش دوورن لە راستیییەوە کە باس لەوە دەکەن، تاران رێگەی بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دابێت پشکنین بۆ ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکات کە لەم دواییانەدا کراونەتە ئامانج یان بۆردومان کراون.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، کە وڵاتەکەی لەم قۆناخەدا، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، پێویستی بە بەهێزکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی، کۆدەنگی و پشتیوانیکردنی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.

سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بەمزووانە تیمەکانیان پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.

پێشتر، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سویسرا رایگەیاندبوو: "ئێرانییەکان رازی بوون پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ناو وڵاتەکەیان بانگهێشت بکەنەوە."