دهۆک لەگەڵ دوو یاریزانی دیکە گەیشتە رێککەوتن

ژمارەی گرێبەستە نوێیەکانی دهۆک گەیشتە 12 یاریزان

سينا ئەسەد بەگی یاریزانی دڵی بەرگری و سان مستەفا گۆڵپارێزی نوێی دهۆک
سينا ئەسەد بەگی یاریزانی دڵی بەرگری و سان مستەفا گۆڵپارێزی نوێی دهۆک

دهۆک لەژێر سەرپەرشتی یەحیا گۆڵمحەمەدی راهێنەری نوێی یانەکە لەگەڵ دوو یاریزانی دیکە گەیشتە رێککەوتن و ژمارەی گرێبەستە نوێیەکانی دهۆک لە مێرکاتۆی هاوینە گەیشتە 12 یاریزان، جگە لەوەش گرێبەستی پێنج یاریزانی وەرزی رابردووی نوێکردووەتەوە.
بەگويرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی دهۆک لەسەر داوای یەحیا گۆڵمحەمەدی گرێبەستی لەگەڵ سينا ئەسەد بەگی خولی ئێرانی واژۆ کردووە کە بەڕەسەن کوردە و وەرزی داهاتوو لە دڵی بەرگری دهۆک یاری دەکات.
 یەحیا گۆڵمحەمەدی لە هەرشوێنێک بووبێت سينا ئەسەدی لەگەڵ خۆی بردووە، پێشتر لە زوبەهان و پێرسولیس و فولاد لەژێر سەرپەرشتی یەحیا گۆڵمحەمەدی یاری کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، کوردستان24 زانیویەتی، دهۆک لەگەڵ سان موستەفا گۆڵپارێزی پێشووی دالکورد گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
سان تەمەنی 25 ساڵە و بە رەسەن عێراقییە، بەڵام لە سوید لە دایکبووە.
سان، سێ ساڵ لەمەوبەر دوای ئەوەی دالکورد مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند یانەکەی جێهێشت و روویکردە یانەی ستۆکسوندی سویدی، وەرزی رابردووش لە خولی پلە چواری سویدی یاریی بۆ یانەی فیتیا کرد.
دهۆک لەم هاوینە گرێبەستی لەگەڵ 10 یاریزانی دیکە کردووە کە پێکهاتوون لە ئیگۆر هێنریک، هێرشبەری سەرەڕمی بەرازیلی لەگەڵ کارسان دۆسکی، برای میرخاس دۆسکی، ناوەراستکارە و وەرزی رابردوو لە خولی پێنجەمی ئەڵمانیا یاریزانی یانەی هیدسهیم بوو.
مەحموود مەواسی سووری و رێوان ئەمین لە یانەی شورتەوە بۆ دهۆک گواسترانەوە، هادی ساڵح لە یانەی زاخۆ و کومەیل سەعدی لە هەولێرەوە پەیوەندییان بە دهۆک کرد.
رایكار دۆس سانتۆسی بەرگریكاری بەرازیلی لە یانەی ئەنواری سعودی و موهەنەد جەعاز بەرگریکاری پێشووی سارپسبۆرگی نەرویجی و رەزا ماجی یاریزانی مەغریبی پەیوەندییان بە ریزەکانی دهۆک کرد، لە لایەکی دیکەیشەوە یوونس حەموود، هێرشبەری یانەی کەرخ بووە یەکەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی دهۆک.
دهۆک بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی ئەحمەد عەلی، پاشەنگ عەبدوڵڵا، سەفا هادی، ئەحمەد بەشار و یووسف ئیمامی نوێکردەوە.