لە هەولێر دیدارێکی فراوان بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەی عومرە بەڕێوەدەچێت
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 10:00 دیداری عومرە بە بەشداری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەولێر، دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارە، لێکنزیکبوونەوەی کۆمپانیاکانی بواری حەج و عومرەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم پرۆسەیە.
گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە کار لەسەر پەرەپێدانی ئەم بوارە دەکات، بە مەبەستی رەخساندنی ئاسانکاریی زۆرتر بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە دەیانەوێت گەشتی ماڵی خودا عومرە بکەن."
لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا، کاروان ستوونی رایگەیاند؛ دیدارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق و کۆمپانیا عێراقییەکان رێکخراوە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت نوێنەری بەشێک لە کۆمپانیا سعوودییەکانیش تێیدا ئامادە بن بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.