قەتەر: خولێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران کە لە دەوحە بەڕێوەچوون، پێشکەوتنی ئەرێنییان بەخۆوە بینیوە و بڕیارە خولێکی دیکەی گفتوگۆکان لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت.
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد: ناوبژیوانانی قەتەر و پاکستان بە جیا لەگەڵ شاندی ئەمریکا و ئێران کۆبوونەتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا باس لەو پرسانە کراوە کە پەیوەستن بە یادداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد و ئەنجامەکانی لووتکەی لۆسێرن هەروەها هەردوولا گەیشتوونەتە لێکگەیشتنی باش و بڕیارە گفتوگۆکان بەردەوام بن.
بەگوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، هەردوولا رێککەوتوون، وادەی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری بکرێت بۆ دوای تەواوبوونی مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا گیانی لەدەستدا.
دوێنێ چوارشەممە، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر یەکەمین کۆبوونەوەی تیمی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکە کردەوە، تێیدا چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە تاوتوێ کراون، لەوانەش پابەندبوونەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و میکانیزمی بەکارهێنانی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنی ئێرانی لە کۆبوونەوەکەدا، ئەمریکای بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکەی نێوانیان تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان وەسف کردووە.
غەریب ئابادی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندەکانی قەتەر و پاکستان، گفتوگۆ لەبارەی ئەو راپۆرتانە کرا کە باس لە زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و هەڕەشەکانی واشنتن دەکەن."