راگرتنی دۆلاری گەشتیاری تێچووی گەشتەکانی بەرز کردووەتەوە
راگرتنی دۆلاری گەشتیاری بازاڕی دراوی لە هەولێر گەرم کردووە
دوای راگرتنی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکان، گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ناچارن بۆ دەستکەوتنی دراو روو لە بازاڕەکان بکەن، ئەمەش زیانی دارایی بە گەشتیاران و کۆمپانیاکانی گەشتیاری گەیاندووە و تێچووی گەشتەکانی گرانتر کردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی ئازەر فاروق پەیامنێری کوردستان 24، پڕۆسەی پێدانی دۆلار بە نرخی بانکی فەرمی، واتە 132 هەزار دینار بەرانبەر بە 100 دۆلار، بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان راگیراوە. پێشتر هەر گەشتیارێک بڕی 2000 دۆلاری پێ دەدرا، بەڵام ئێستا ئەو کارە وەستاوە و زیانی بە گەشتیاران و کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار گەیاندووە.
لەم بارەیەوە دڵدار ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیای گەشتوگوزار بە ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان 24ـی راگەیاند، راگرتنی پێدانی دۆلار کێشەی بۆ کاری گەشتیاری دروست کردووە. گوتیشی، پێشتر خەڵکانێک هەبوون لە هەولێر و دەوروبەرییەوە دەچوونە بەغدا و کەرکووک تەنیا بۆ ئەوەی بلیتێک ببڕن و سوود لەو جیاوازییەی نرخی دۆلار وەربگرن، ئەمەش وای کردبوو گەشتکردن تەنیا بۆ بازرگانی بێت نەک گەشتیاریی راستەقینە.
هاوکات محەممەد محێدین، رێبەری گەشتیاری بۆ کوردستان 24 باسی لەوە کرد، راگرتنی دۆلارەکە هەم بۆ کۆمپانیا و هەم بۆ گەشتیاران زیانە. هەروەها روونی کردەوە، ئەم کێشەیە کاریگەریی لەسەر گەشتە ئاسمانی و وشکانییەکان هەبووە و خەڵکێکی زۆر زیانیان بەرکەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە، نووسراوێکی ساختە لە عێراق بڵاوکراوەتەوە گوایە هەر گەشتیارێک بڕی 5000 دۆلاری پێ دەدرێت بۆ ماوەی یەک مانگ، بەڵام دەرکەوتووە نووسراوەکە هیچ بنەمایەکی نییە.
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، ئێستا گەشتیاران ناچارن روو لە بازاڕەکانی دراو بکەن. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە کوردستان 24ـی راگەیاند، ئەگەر گەشتیارێک 2000 دۆلاری پێویست بێت، لە بازاڕدا دەبێت سێ ملیۆن و 100 هەزار دینار بدات. بەڵام ئەگەر بە نرخی فەرمیی حکوومەت وەریبگرتایە، تەنیا دوو ملیۆن و 640 هەزار دیناری تێدەچوو، بەمەش هەر گەشتیارێک نزیکەی 460 هەزار دینار زیانی پێ دەگات. تاوەکو ئێستاش کاتی دەستپێکردنەوەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران نادیارە.