ئەمریکا: رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک نوێ ناکەینەوە
واشنتن رایگەیاند، رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ هەریەکە لە کەنەدا و مەکسیک وادەکەی بەسەرچووە و بە شێوازی ئێستا نوێ ناکاتەوە، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی باشتر کە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدا بێت.
بەپێی بەندەکانی ئەو رێککەوتنەی کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا واژۆ کرابوو، دەبوو لایەنەکان لە پێش 1ـی تەممووزدا بڕیار لەسەر نوێکردنەوەی بدەن بۆ ئەوەی تا 16 ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە.
دوای رەتکردنەوەی نوێکردنەوەکە لەلایەن ئەمریکاوە، رێککەوتنەکە ساڵانە و بە شێوەی ئۆتۆماتیکی درێژ دەبێتەوە، بەڵام ساڵانە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت، مەگەر وڵاتێکی ئەندام بە فەرمی کشانەوەی خۆی لێ رابگەیەنێت.
ئەم بڕیارەی واشنتن لە دوای کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی بەرپرسانی باڵای هەر سێ وڵات هات، کە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێکی چاوەڕوانکراو.
لەمبارەیەوە، جەیمسۆن گریر، نوێنەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری بازرگانی و سەرپەرشتیاری دانوستانەکان رایگەیاند " ئەمریکا نوێکردنەوەی رێککەوتنەکەی بە شێوازی ئێستا رەتکردووەتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆشکی سپی مەبەستیەتی بەردەوام بێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ مەکسیک و کەنەدا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی رێککەوتنەکە و کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانیی ئەمریکا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا.
روونیشی کردەوە، رێککەوتنەکە تا 10 ساڵی دیکە بە کارایی دەمێنێتەوە، مەگەر لەو ماوەیەدا کێشەکان چارەسەر بکرێن یان کۆتایی بە جێبەجێکردنی بهێندرێت.
لەلایەکی دیکەوە، مارسێلۆ ئیبرارد، وەزیری ئابووریی مەکسیک لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، زانیارییەکانی لایەنی ئەمریکی پشتڕاستکردەوە، بەڵام گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند "ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا لەئارادایە، چونکە هیچ ناڕوونی و ناکۆکییەکی بنەڕەتی لە نێوانماندا نییە کە چارەسەر نەکرێت."