بەهۆی گەرماوە زیاتر لە 60 هەزار هاوبەش لە پاریس بێ کارەبا بوون

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی گرفت لە تۆڕەکانی وزە، زیاتر لە 60 هەزار هاوبەشی کارەبا لە فەرەنسا بێ کارەبا بوون و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، گەرما و نەبوونی کارەبا ژیانی لێ تاڵ کردوون.

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، شەپۆلێکی توندی گەرما شارەکەی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە پەستانێکی زۆر کەوتووەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی تەزووی کارەبا لە زۆربەی گەڕەکەکان و سەرەتا زیاتر لە 60 هەزار هاوبەش بێ کارەبا بوون.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی پاریس سەبارەت بەو دۆخە دەڵێت: "ئەم رەوشە بەهۆی پچڕانی کارەباوە زۆر ئاڵۆز بووە؛ دایکم زۆر شڵەژاوە و ترسێکی زۆری لێ نیشتووە، ناچارم لەگەڵی بمێنمەوە، بۆیە ئێستا خۆم رۆژانە خەریکی بازاڕکردن و راپەڕاندنی کارەکانم."

بەهۆی بێ کارەبایی، خەڵکی ئەو وڵاتە نەک تەنیا ناتوانن ئامێرەکانی فێنککەرەوە بەکاربهێنن، بەڵکو توانای بارگاویکردنەوەی مۆبایل و بەکارهێنانی ئینتەرنێتیشیان نەماوە.

هاووڵاتییەکی دیکەی پاریس باس لە ناخۆشیی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "دوێنێ پێش کاتژمێر 7ی ئێوارە کارەبا پچڕا، لەو کاتەوە بە مۆم رۆژ دەکەینەوە؛ تەنیا سوپاسگوزاری ئەوەین گازمان هەیە بۆ چێشتلێنان، بەڵام شەحنی مۆبایلمان نەماوە و ناتوانین پانکەکان هەڵکەین. بۆمان دەرکەوت کە ئێمە ئامادە نین خۆمان لەگەڵ ئەم جۆرە گەرمایە بگونجێنین."

تاوەکو ئێستا نزیکەی 8 هەزار هاوبەش لە فەرەنسا بێ کارەبان کە زۆربەیان لە ناو جەرگەی پاریسن. لای بەشێک لە هاووڵاتییان، ئەم دۆخە لە سەردەمی کەرەنتینەی کۆرۆناش ناخۆشترە، چونکە ئەو کاتە لانی کەم کارەبا و ئینتەرنێتیان هەبووە بۆ ئەوەی کاتەکانیانی پێ بەسەر بەرن.