چی لە پارە گەڕاوەکانی عێراق دەکرێت؟

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ ئەو پارانەی لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گەڕێندراونەتەوە لە هەژمارێکی تایبەتی بانکی دادەندرێن.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە کوردستان24 ـی گوت؛ هەموو ئەو بڕە پارەیەی لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەرگیراوەتەوە و لە ماڵ و شوقە و ڤێلای بەرپرسان و پەرلەمانتاران دەستیبەسەردا گیراوە وەک داهات بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت تۆمار دەکرێن و لە رێگەی هەژمارێکی تایبەتی بانکییەوە خەرج دەکرێنەوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح، گوتیشی؛ دەستبەسەرداگرتنی پارە و سامانی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی بەهۆی گەندەڵی دەستگیرکراون دەبێتە هۆی بەهێزکردنی داهاتە گشتییەکان و پاڵپشتیکردنی پێگەی دارایی حکوومەت. هەروەها هەوڵەکانی گێڕانەوەی پارە، هاوتەریبە لەگەڵ رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، بۆ ئەوەی ببێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە بەرزکردنەوەی کارایی خەرجییە گشتییەکان و زیادکردنی توانای تەرخانکردنی سەرچاوە داراییەکان.

دووپاتیشکردەوە، ئەو هەنگاوانە رێگە خۆش دەکەن ئاراستەکان بەرەو گەشەپێدان و چاکسازی لە ئابووری وڵات بچن. هەروەها رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی حکوومەت بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دایڕشتووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە باشترکردنی بژێوی ئەو فەرمانبەرانەی کەمترین داهاتیان هەیە.

لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا و پەرلەمانتاران لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی زیاتر لە 50 کەس دەستگیرکراون و هەروەها زیاتر لە 200 ملیار دۆلار و 100 کیلۆ زێڕ دەستیبەسەرداگیراوە. بە گوتەی بەرپرسانی عێراق هەڵمەتەکە لە قۆناخی سەرەتایی دایە و لە رۆژانی داهاتوو بەرپرس و پەرلەمانتاری زیاتر لەسەر گەندەڵی دەستگیر دەکرێن.

بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران.