نیویۆرک تایمز: ئەمریکا رەوانەکردنی دۆلاری بۆ عێراق دەستپێکردەوە
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای چەند مانگێک لە راگرتنی، جارێکی دیکە رەوانەکردنی بڕە پارەی کاشی بە دۆلار بۆ عێراق دەستپێکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ناردنی دۆلار بۆ بەغدا لە رێگەی ئاسمانییەوە دەستیپێکردووەتەوە. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "رەوانەکردنی بارە دۆلارەکان بۆ عێراق دەستیپێکردووەتەوە." هەروەها مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران، ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردووەتەوە.
لە مانگی نیسانی رابردوو، واشنتن ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری کاشی بۆ عێراق راگرت و بەشێک لە هاوکارییە ئەمنییەکانی لەگەڵ بەغدا هەڵپەسارد. ئەم رێکارانەی ئەمریکا وەک ئامرازێکی گوشار بوو بۆ سەر حکوومەتی عێراق لەبەرامبەر چالاکییەکانی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە ناردنی دۆلار دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام هەڵپەساردنی هاوکارییە داراییەکان بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەم هەنگاوانەی واشنتن لە کاتێکدابوو کە گرژییەکانی پەیوەست بە میلیشیاکان پەرەی سەندبوو، کە تێیدا ئەمریکا ئەو گرووپانەی تۆمەتبار دەکرد بە هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
تا ئێستا کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلار بۆ عێراق نەداوە.