کۆبوونەوەیەکی لووتکەی پارتە سیاسییەکان دەکرێت

ئاڵای لایەنە سیاسییەکان
ئاڵای لایەنە سیاسییەکان

دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی سەرکردەی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی خاوەن کورسی لە پەرلەمان پێشکەش کراوە. ئامانج لەم هەوڵە، کۆتاییهێنانە بە چەقبەستوویی سیاسی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02ـی تەمموزی 2026، مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی پارتەکەیان لە هەوڵدایە کۆبوونەوەیەک رێکبخات بۆ ئەوەی سەرکردەی یەکەمی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی کوردستان کۆببنەوە. بەتایبەتی ئەو لایەنانەی خاوەنی کورسین لە پەرلەمان.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی لەوەش کرد، ئامانج لە کۆبوونەوەکە، تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێیە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، تاوەکو ئێستا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەم دیدارە بکرێت. هاوکات ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆی کردووە.

لە ماوەی رابردوودا، سەڵاحەدین بەهائەدین سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد. لەم سەردانانەدا دەستپێشخەرییەکیان خستەڕوو بۆ دەربازبوونی هەرێمی کوردستان لەم چەقبەستووییە سیاسییەی تێیکەوتووە.

هەوڵەکانی یەکگرتووی ئیسلامی تاوەکو ئێستاش بەردەوامن بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و حکوومەتی نوێ لە نزیکترین کاتدا پێکبهێندرێت. ئێستاش کار بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان دەکەن و دوێنێش جەختیان لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردەوە.