گەڕێکی نوێی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 18ـی تەممووز بەڕێوەدەچێت
هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی رۆژی 18ـی تەممووزی ئەمساڵ، بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان واشنتن و تاران، گرژییەکان لە بارەی گەرووی هورمز و هەڕەشە سەربازییەکانی هەردوولا ئاستەنگی نوێ بۆ سەرکەوتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دروست دەکەن.
پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، چەند سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی، بە ژمارەیەک میدیای عەرەبی راگەیاند: گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 18ـیی تەممووزدا بەڕێوەدەچێت. ئەم بڕیارەش دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆیە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولا دێت کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سازکرابوون.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە پەیامی روون و توندی ئاراستەی تاران کردووە، تێیدا جەختی لەسەر رەتکردنەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستای گەرووی هورمزددا کردووەتەوە.
بە پێی زانیاریی سەرچاوەکان، ئەمریکا رەفتارەکانی ئێران لەم گەرووە ستراتیژییەدا وەک یەکەم تاقیکردنەوەی پابەندبوونی تاران بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەیر دەکات و، هۆشداریی داوە کە هەر تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی لەو ناوچەیەدا، بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان دادەنرێت و دەرئەنجامی راستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی دانوستانەکان دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، تاران ئاگادارکراوەتەوە کە پرسی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی بەستراوەتەوە بە رەفتارە کردارییەکانی لەسەر زەوی و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزددا.
لە بەرامبەردا، سەرکردایەتیی یەکگرتووی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی داوە کە بەردەوامیی هەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ئاسمانی گەرووی هورمزددا، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و هەر دەستوەردانێک بە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
هەروەها تاران جەختی کردووەتەوە، کە پێویستە سەرجەم کەشتییەکان پابەندی ئەو رێڕەوە دەریاییە بن کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ تێپەڕبوونی پارێزراو دیاریی کراوە.
ئەم گرژییە نوێیە دوای زنجیرەیەک پێکدادان و هێرش دێت کە لە کۆتایی هەفتەی روویدا بوو، کە تێیدا ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە باشووری ئێران و لە بەرامبەریشدا تاران، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی سەر بە ئەمریکای لە کوەیت و بەحرێن کردە ئامانج.
سەرەڕای لێکتێگەیشتنەکەی مانگی حوزەیران کە رێگەی بە هاتوچۆی بێبەربەستی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەدا بۆ ماوەی 60 رۆژ، ئێران هێشتا پێداگری لەسەر سەروەریی خۆی بەسەر گەرووەکەدا دەکات، لە کاتێکدا سەڵتەنەی عومان رەتی دەکاتەوە هیچ باجێک بەسەر کەشتییەکاندا بسپێندرێت کە پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتیی دەریا بێت.