رێکخەری گەرمیانی نەوەی نوێ هێرش دەکاتە سەر حزبەکەی و دەست لەکار دەکێشێتەوە
رێکخەری نەوەی نوێ لە گەرمیان، بە توندی هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتیی جوڵانەوەکە و بە لادان لە پرنسیپە ئەخلاقی، سیاسییەکان و سازشکردن بۆ حزبێک لە قەڵەمی دەدات، هاوکات دوای 8 ساڵ کارکردن دەست لەکار کێشانەوەی خۆی راگەیاند.
پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، بەشدار سەنگاوی، رێکخەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دەڤەری گەرمیان، دوای هەشت ساڵ لە کارکردن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە جوڵانەوەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: "کە چیدیکە هیچ پەیوەندییەکی بە نەوەی نوێوە نەماوە."
سەنگاوی لە روونکردنەوەیەکدا بە توندی رەخنە لە سیاسەتەکانی ئێستای جوڵانەوەکە دەگرێت و بە لادانی تەواو لە بەڵێن و بنەماکانیان بەرامبەر بە هاووڵاتییان لە قەڵەمی دەدات.
لە روونکردنەوەکەیدا، سەنگاوی ئاشکرای کردووە، کە نەوەی نوێ لە سەرەتای دروستبوونییەوە بە ئامانج و دروشمی رەتکردنەوەی پاشکۆیەتی بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان و بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافی خەڵکی هەژار و مافخوراو دامەزرا؛ بەڵام ئێستا جوڵانەوەکە پشتی کردووەتە تەواوی دروشمە سیاسی و بنەما ئەخلاقییەکانی رابردووی خۆی و پێ دەنێتە ناو قۆناخی پاشکۆیەتی.
سەنگاوی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە گۆڕانکاریی سیاسی و فیکری کارێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی لای ئەو جێگەی سەر سوڕمانە، گۆڕانی "%100"ـی هەڵوێستەکانە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا.
ئەو دەڵێت: "ئەو کەسانەی دوێنێ دەیانگوت دەسەڵاتداران دز، گەندەڵ و مافیان، ئێستا لەگەڵیاندا رێککەوتوون و دەست لە ملانیان دەکەن و پشتیان کردووەتە بەڵێنەکانیان بە خەڵک."
بەشدار سەنگاوی جەخت دەکاتەوە کە شانازی بە سەرجەم کارەکانی رابردوویەوە دەکات چونکە لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکدا بوون، بەڵام لێرە بە دواوە ئامادە نییە ببێتە بەشێک لەم پرۆسەی پاشکۆیەتی و "شاگردی"یەی کە لە ناو حزبەکەدا دروست بووە.