ترەمپ: پەیوەندیمان لەگەڵ ناتۆ کۆمیدییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی توند لە هاوپەیمانی ناتۆ دەگرێت و بە "پێکەنیناوی" وەسفی دەکات کە واشنتن بەردەوام بێت لەو پەیوەندییە "یەک لایەنەیە". ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە.

دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "کاتێک پێویستمان پێیان بوو، نەماندۆزینەوە"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ناتۆ پەیوەندییەکی "دوولایەنە" نییە.

ترەمپ بەردەوامە لە رەخنەگرتن لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بەهۆی هەڵوێستیان بەرامبەر شەڕی دژی ئێران، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەوروپا بەرپرسیارێتی بەرگریی خۆی لەئەستۆ بگرێت، لە کاتێکدا ئەمریکا کار بۆ کەمکردنەوەی پابەندییە سەربازییەکانی دەکات.

لە نووسینەکەیدا، ترەمپ وێنەیەکی گرافیکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا قەبارەی خەرجییەکانی ناتۆ نیشان دەدات، بەپێی وێنەکە بێت، ئەمریکا بڕە پارەیەکی زۆر زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەندام لەو هاوپەیمانییەدا خەرج کردووە.

ساڵی رابردوو و بە فشاری ترەمپ، سەرکردەکانی ناتۆ رێککەوتن کە خەرجییە بەرگرییەکانیان بۆ 5%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2035 زیاد بکەن.

بڕیارە لووتکەی داهاتووی ناتۆ بە بەشداری 32 وڵاتی ئەندام، لە رۆژانی 7 و 8ی تەممووز لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەبچێت.