بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند

ئەمرۆ هەینی، 3ی تەممووزی 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلەی رێختەر کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیای هەژاند. دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و ماددی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بڵاونەکراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 120 کیلۆمەتر و لە دووری 58 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری تۆبیلۆ لە پارێزگای نۆرس مالۆکۆ روویداوە. کاتی روودانی بوومەلەرزەکە کاتژمێر 11:31ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بووە.

عومەر عەباس، یەکێک لە دانیشتووانی شاری تیرناتی کە 114 کیلۆمەتر لە چەقی بوومەلەرزەکەوە دوورە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "لە قاوەخانەیەک لە کەنار رێگەیەک دانیشتبووم و قاوەم دەخواردەوە، کاتێک لەپڕ کورسییەکەم دەستی بە لەرزین کرد. بۆ ساتێک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بووم، چونکە هێشتا کاریگەریی بوومەلەرزەکانی پێشووم لەسەر ماوە."

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی کەشناسی و جیۆفیزیکی ئیندۆنیزیا دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان کە هیچ مەترسییەکی دروستبوونی شەپۆلی سونامی لە ئارادا نییە.

ئیندۆنیزیا و وڵاتانی دراوسێی بەردەوام رووبەڕووی بوومەلەرزە دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەکەونە سەر ناوچەی "کەمەرەی ئاگر" لە زەریای هێمن، کە ناوچەیەکی چالاکی جیۆلۆجییە و لە ژاپۆنەوە دەستپێدەکات بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و حەوزی زەریای هێمن.