توێژینەوەیەک: دانیشتنی زۆر مەترسیی مردن بە شێرپەنجە زیاد دەکات
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی گلاسگۆ ئاشکرای دەکات، دانیشتنی بەردەوام بۆ ماوەی زیاتر لە 30 خولەک لە رۆژێکدا، مەترسیی مردن بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیاد دەکات. پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کە تەنانەت جوڵەیەکی کەمی وەک پیاسەیەکی کورت لەناو ئۆفیس یان کارێکی ناوماڵ دەتوانێت ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
توێژەرانی زانکۆی گلاسگۆ بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ چاودێریی وردی زیاتر لە 90,000 کەسیان کردووە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستیی "Plos Medicine" بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخەن کە بێجوڵەیی و دانیشتن یان پاڵکەوتن بۆ ماوەی زیاتر لە 30 خولەک لە کاتی بەئاگابووندا، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە زیادبوونی مەترسیی مردن بە شێرپەنجەوە هەیە. ئاماژە بەوەش کراوە کە هەر کاتژمێرێکی زیادە لە بێجوڵەیی، مەترسییەکە زیاتر دەکات.
دکتۆر فرێدریک هۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاندووە، زۆربەی رێنماییە تەندروستییەکان جەخت لەسەر وەرزشی قورس دەکەنەوە، بەڵام ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە جوڵە سوکەکانیش نابێت پشتگوێ بخرێن. بەگوێرەی توێژینەوەکە، هەر کاتژمێرێکی زیادە لە بێجوڵەیی لە رۆژێکدا، مەترسیی مردن بە شێرپەنجە بە رێژەی 10% زیاد دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەکە چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە دەخاتە روو:
- گۆڕینی یەک کاتژمێر دانیشتن بە کارێکی سوکی وەک قاپشۆردن یان ئوتوکردن، مەترسیی مردن بە شێرپەنجە بە رێژەی 12% کەم دەکاتەوە.
- گۆڕینی 30 خولەک دانیشتن بە پیاسەیەکی مامناوەند، مەترسییەکە بە رێژەی 8% دادەبەزێنێت.
- گۆڕینی تەنیا 5 خولەک دانیشتن بە وەرزشێکی چڕ و قورس، مەترسییەکە بە رێژەی 22% کەم دەکاتەوە.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە پێویستە هەر نیو کاتژمێر جارێک لە شوێنی خۆت هەستیت و بجوڵێیت، چونکە دابەشکردنی کاتەکانی دانیشتن و تێکەڵکردنیان بە جوڵەی جەستەیی، رۆڵێکی گرنگی لە پاراستنی تەندروستی و درێژکردنەوەی تەمەندا هەیە.