پەرلەمانی عێراق یاسای دابینکردنی دارایی بۆ بەرگریی ئاسمانی تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێیدا کۆدەبێتەوە؛ لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پێشنیازی یاسای گرنگ دەکرێت، کە دیارترینیان یاسای دابینکردنی دارایی بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و یاسای تاوانەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری (سایبەر)ن.

رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، کارنامەی دانیشتنەکە، چوار تەوەر و پێشنیازی یاسای گرنگ لەخۆدەگرێت کە بڕیارە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت،

بەپێی کارنامەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای تاوانەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاری (سایبەر)، کە لە لایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاساییەوە ئامادەکراوە و لە 32 ماددە پێکهاتووە.

لە تەوەری دووەمدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای چاودێریکردنی نەوجەوانان" ژمارە 78ی ساڵی 1980، کە لە لایەن لیژنەی یاساییەوە ئامادەکراوە و لە 26 ماددە پێکهاتووە؛ هاوکات تەوەری سێیەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەموارکردنی یاسای "پارێزەرایەتی" ژمارە 173ی ساڵی 1965، کە لە لایەن لیژنەی یاساییەوە پێشکەشکراوە و لە 27 ماددە پێکهاتووە دەکرێت.

بەگوێرەی کارنامەکە لە تەوەری چوارەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای دابینکردنی دارایی بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق، کە لە لایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادەکراوە و لە 8 ماددە پێکهاتووە دەکرێت.

ئەم دانیشتنە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانە و تێیدا مژاری پاراستنی ئاسمانیی عێراق و رێکخستنی کایە ئەلیکترۆنی و یاساییەکان دەخرێنە بەر باس.