قەدەخەی هاتوچۆ بۆ مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی خامنەیی لە عێراق راناگەیەنرێت

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: هیچ بڕیارێک بۆ سەپاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە ماوەی مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی بوونی نییە و رێکارەکان تەنیا رێکخستنی شەقامە دیاریکراوەکان دەگرێتەوە.

هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە عێراقدا نابێت"

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەندێک رێوشوێن لەو شەقام و رێگایانەدا دەگیرێنەبەر کە تەرمەکە پێدا دەبرێتە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف.

بە پێی راگەیەنراوەکە، پلانێکی ئەمنیی تۆکمە بە بەشداریی وەزارەت، دامەزراوە و دەزگا جیاوازەکانی ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان داڕێژراوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ بەشداربووانی مەراسیمەکە.

شانەکە داوای لە هاووڵاتییان، دەستە ئاینییەکان، شاندە بەشداربووەکان دەکات، کە پابەندبوونێکی تەواویان بە رێنماییە ڕێکخستنی و ئەمنییەکانەوە هەبێت کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، هەروەها هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان و تیمە خزمەتگوزارییەکان بکەن بۆ سەرخستنی ئەم مەراسیمە.

عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە و لە ساڵی 1989 بووە بە رێبەری وڵاتەکە، لە تەمەنی 86 ساڵی، لە ئەنجامی بۆردومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی 28ـی شوباتی 2026 کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.