حووسییەکان هۆشداری دەدەنە سعوودیە: فڕۆکەخانەکانتان دەکەینە ئامانج

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند, هێزەکانیان رووبەڕووی پێکهاتەیەکی فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بوونەتەوە کە هەوڵیانداوە رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی لە سەنعا بکەن؛ حووسییەکان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەیان، فڕۆکەخانەکانی ناوخۆی سعوودیە دەکەنە ئامانج.

هەینی 3ی تەممووزی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حووسییەکانی یەمەن (ئەنساڕوڵڵا)، ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی یەمەن رووبەڕووی کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگیی سعوودی بوونەتەوە. سەریع دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە سنووری ئاسمانیی یەمەنیان بەزاندووە بە مەبەستی رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، بەڵام بە مووشەکی بەرگریی ئاسمانی کراونەتە ئامانج و ناچاری کشانەوە کراون.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان، فڕۆکە ئێرانییەکە توانیویەتی بە سەرکەوتوویی لە سەنعا بنیشێتەوە کە زیاتر لە 200 سەرنشینی نەخۆش و برینداری یەمەنی تێدا بووە. دواتر فڕۆکەکە شاندی فەرمیی حووسییەکانی گواستووەتەوە بۆ تاران، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی پرسەی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران. یەحیا سەریع لەم بارەیەوە جەختی کردەوە کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سەنعا و تاران بەردەوام دەبن، "بێ گوێدانە ئەنجام و لێکەوتەکانی."

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان هۆشداریی توندی دایە سعوودیە و رایگەیاند، هەر هەوڵێکی تری بەزاندنی ئاسمانی یەمەن و رێگریکردن لە گەشتە مەدەنییەکان، بە وەڵامێکی گشتگیر رووبەڕوو دەبێتەوە و لە ڕێگەی زەمین و دەریاوە فڕۆکەخانە و بەرژەوەندییە گرنگەکانی سعوودیە دەکەنە ئامانج.

سعوودی لە ساڵی 2015دا هاوپەیمانییەکی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ دەستوەردان لە یەمەن پێکهێنا، دوای ئەوەی حووسییەکان کۆنتڕۆڵی سەنعای پایتەختیان کرد. لە ماوەی جەنگی یەمەندا، حووسییەکان توانایەکی بەرچاویان لە بواری مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پیشانداوە و لە چەندین بۆنەدا هێرشی توندیان کردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانە مادی و نیشتمانییەکانی سعوودیە.