نێچیرڤان بارزانی: ئێران پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ئێرانییەکان ڕایگەیاند، بەهۆی پاڵپشتیی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی لە دوای جەنگەوە، ئێران پێی ناوەتە قۆناخێکی سیاسیی نوێوە کە بە تەواوی لە قۆناخەکانی پێشوو جیاواز دەبێت.

هەینی 3ـی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، لێدوانێکی تایبەتی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و داهاتووی ئێران بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە دا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە گۆڕانی هاوسەنگییەکان لە دوای جەنگی ئەم دواییەی ناوچەکە کرد و گوتی: "کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، ئامانجی دیکە لە ئارادابوون؛ بەڵام بەهۆی ئەو پاڵپشتییەی کە خەڵکی ئێران لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد، پێمان وایە کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە قۆناخێکی تەواو نوێوە."

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم قۆناخە نوێیەی ئێران ئێستا پێی ناوە، تایبەتمەندیی خۆی دەبێت و بە دڵنیاییەوە لەگەڵ قۆناخ و سەردەمەکانی پێشووتر جیاواز دەبێت.