دۆسیەی گەندەڵیی یاریگای کەرکووک دەدرێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق

دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ و خەرجکردنی 30 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی، یاریگای نێودەوڵەتیی کەرکووک تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە و بووەتە مۆڵگەی سەگی بەرەڵا، لە هەمان کاتدا بەرپرسانی شارەکە دۆسیەی گەندەڵییەکانی پڕۆژەکە دەخەنە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ماوەی 10 ساڵە کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتیی کەرکووک بەردەوامە و تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە. 

بەپێی بەدواداچوونێکی سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان 24، بینای یاریگاکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بڕی 30 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.

 ئەم پارەیە بەناوی نۆژەنکردنەوە خەرج کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەکە نەگەیشتووەتە کۆتایی و 24 هەزار کورسیی یاریگاکە شکێنراون و شوێنەکە بووەتە مۆڵگەی سەگی بەرەڵا.

بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە، محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەردانی یاریگاکەی کرد. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، پڕۆژەکە یەکێکە لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی سەرجەم بەڵگەکان رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی کەسانی تێوەگلاو سزای خۆیان وەربگرن. 

هەروەها روونی کردەوە، بۆ تەواوکردنی کارەکانی یاریگاکە پێویستیان بە شەش بۆ حەوت ملیار دیناری دیکە هەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە یەک دیناری دیکە بۆ پڕۆژەکە دابین بکات.

لەلایەکی دیکەوە نەوزاد قادر، سەرۆکی لێژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق بۆ کوردستان24 باسی لەوە کرد، ئەو پارەیەی بۆ ئەم نۆژەنکردنەوەیە خەرج کراوە هێندە زۆرە دەکرا سێ یاریگای مۆدێرن و نێودەوڵەتیی پێ دروست بکرێت. ئاشکراشی کرد خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی کاری لە پڕۆژەکەدا کردووە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و ئێستا هەڵاتووە.

 سەرۆکی لێژنەی ئۆڵۆمپی جەختی لەوە کردەوە، لە ماوەی دەستپێکردنی کارەکانی ئەم یاریگایەدا چوار کابینەی حکوومەت و چوار وەزیری وەرزش گۆڕاون، بەڵام دۆخی یاریگاکە وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا بەڵێنی بێ بنەما بە خەڵک دراوە.