بەریتانیا و فەرەنسا: گەرووی هورمز شاخوێنبەری ئابووریی جیهانە

بەریتانیا و فەرەنسا ئامادەیی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی هێزێکی سەربازیی فرەنەتەوەیی راگەیاند، بە ئامانجی پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە، گەرووی هورمز "شاخوێنبەری ئابووریی جیهانە" و گەرەنتیکردنی سەلامەتیی تێپەڕینی کەشتیی وڵاتان، بابەتێکی گرنگی نێودەوڵەتییە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەڵتەنەتی عومان رەزامەندیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی تێپەڕینی سەلامەتی کەشتییەکان.

هەردوو وڵات جەختیان لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتەکان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی گرژی و پێکدادانی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا پەکخرابوو، ئەو رووداوانە ببووە هۆی دروستبوونی گوشارێکی توند لەسەر بازاڕەکانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.

گەرچی دوای رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتن، دۆخی هاتوچۆی کەشتیوانی تا رادەیەک باشتر بووە، بەڵام مەترسیی نوێبوونەوەی گرژییەکان وای لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان کردووە بەدوای میکانیزمێکی بەردەوامتردا بگەڕێن بۆ پاراستنی ئەو هێڵە دەریایییە ستراتیژییە.

هەروەها بەریتانیا و فەرەنسا پابەندبوونی خۆیان بە سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە و رایانگەیاند، لە هاوکاریی نزیک لەگەڵ هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی و ئازادیی گەشتی دەریایی.