مەدڤێدێڤ: هێزی گەرووی هورمز لە چەکی ئەتۆمی کەمتر نییە
دمیتری مەدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، "گەرووی هورمز چەکێکە هێزەکەی کەمتر نییە لە چەکی ئەتۆمی و لە دەستی تاراندایە"، گەرووی بابولمەندەبیش چەکێکی ئەتۆمی هایدرۆجینیە.
مەدڤێدێڤ لەتاران و لەمیانەی رێورەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی بە میدیاکانی رووسیا گوت: "گەرووی هورمز هێزی داوەتە ئێران بۆ راگرتنی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووەکە." ئەو ئەم هەنگاوە بە نیشانەی توانای تاران دەزانێت بۆ سەپاندنی هاوکێشەکانی خۆی لە ناوچەکە و وەڵامدانەوەی ئەو فشارانەی دەخرێنە سەری و گوتیشی، ئەمە ئێستا تەوەری سەرەکی گفتوگۆ و رێککەوتنەکانە لەسەر چۆنیەتی بەردەوامبوونی کارەکانی گەرووەکە.
مەدڤێدێڤ راشیگەیاند "ئەم گەرووە دەکرێت لە کاتی ململانێ سەربازییەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی دۆخێک کە تێیدا سەرجەم پرۆسەکانی گواستنەوەی نەوت و بارەکانی تر رابگیرێن." ئومێدیشی خواست کار نەگاتە ئەو قۆناخە، بەڵام دەبێت سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی هەڵگیرساندنی رووبەڕووبوونەوە دەدەن لەم ناوچەیەدا، ئەم بابەتە رەچاو بکەن.
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن، مەدڤێدێڤ جەختی کردەوە "دانوستان هەمیشە باشترە لە نەبوونی"، بەڵام پێویستە بگاتە ئەنجامی کۆنکرێتی نەک تەنها وەک دیالۆگ بمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا، یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوانیان زەمینەیەک بۆ دانوستان دروست دەکات، بەڵام پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەردوولادا زۆر ئاڵۆز دەبێت، چونکە هەموان لە ئەمریکا نایانەوێت گەمارۆکانی سەر ئێران لابرێن، ئەمەش گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی پارەی ئاوەدانکردنەوەی ئێران زۆر قورس دەکات.
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 28ـی شوبات، گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە بەرووی کەشتییە بازرگانییەکان داخرا و ڤووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکا، دواتر ئەمریکا ناچار بوو بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ تاران بکات تاوەکوو گەرووەکە بەرووی بازرگانی جیهانیدا بکاتەوە .