ئیسلام ئاباد میوانداری خولێکی نوێی گفتوگۆکانی واشنتن و تاران دەکات

بڕیارە لە 11ـی ئەم مانگەدا، پاکستان میوانداری خولێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەکانی پەیوەست بە سزاکان، داراییە بلۆککراوەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.

شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، چەند سەرچاوەیەک بە کەناڵی "العربية"ـی راگەیاند: پاکستان لە 11ـی ئەم مانگەدا، میوانداری خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان دەستپێکردنەوەی رێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولایە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە خولی ئەمجارەدا سێ دۆسیەی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن، کە بریتین لە: سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا، پارە بلۆککراوەکان و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.

هەروەها ئەوەش خراوەتە روو، ئاستی نوێنەرایەتیی شاندی ئێرانی لەم دانوستانەدا هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەم خولەی دانوستان دوای چەندین مانگ لە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران دێت، کە تەوەرەکەی چڕببووەوە لەسەر کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و زیندووکردنەوەی پرۆسەی دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکان لەسەر هەڵگرتنی سزاکان و ئەو گرەنتییانەی کە هەردوولا داوای دەکەن، بەردەوامن.

هەڵبژاردنی پاکستان بۆ میوانداریکردنی ئەم خولە نوێیە، نیشاندەری ئاراستەیەکە بەرەو فراوانکردنی بازنەی نێوەندگیرە هەرێمییەکان لە دانوستانەکاندا، دوای ئەوەی پێشتر سەڵتەنەتی عومان و قەتەر لە قۆناغەکانی پێشوودا میوانداریی کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان کردبوو.

بەڵام دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان هێشتا لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاڵنگاریدان کە پەیوەستن بە رێکخستنەکانی قۆناغی دوای جەنگ، هاوشانی ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و میکانیزمەکانی ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوولا هەوڵ دەدەن دەرفەتەکانی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دیپلۆماسی تاقی بکەنەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.