شەهباز شەریف: نێوەندگیریی نێوان ئەمریکا و ئێران بە باشی بەڕێوەدەچێت
سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە لێدوانێکی میدیاییدا رایگەیاند، سەرەڕای رێگری و زەحمەتییەکان، پرۆسەی نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە باشی بەڕێوەدەچێت؛ هیواشی خواست لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئاشتییەکی بەردەوام و کۆنکرێتی لە نێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت.
شەممە 4ـی تەممووزی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، هەوڵدان بۆ هێنانەدیی لێکتێگەیشتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ گەل و حکوومەتی پاکستان.
شەهباز شەریف روونیشی کردەوە کە ئەم نێوەندگیرییە ئەرکێکی مرۆیی و مێژوویی زۆر گرنگە، بەڵام هاوکات پڕۆسەیەکی زۆر گران و ئاڵۆزیشە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بەهۆی هاوسێیەتییەوە لەگەڵ ئێران، پێویست بووە بەوپەڕی راستگۆیی و بێلایەنییەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ناکۆکەکەدا رەفتار بکات و بە وریاییەکی زۆرەوە هەنگاو بنێت تا گفتوگۆکانی سویسرا و لێکتێگەیشتنی فەرمیی نێوانیان بە سەرکەوتوویی بگاتە ئەنجام. جەختیشی کردەوە، سەرەڕای کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەردوولا، پڕۆسەی ئاشتییەکە تا ئێستا بە شێوەیەکی زۆر باش بەرەو پێشەوە چووە.
شەهباز شەریف سوپاسی هاوپەیمان و وڵاتە دۆستەکانی پاکستانی کرد کە پاڵپشتیی ئەم دەستپێشخەرییە دەکەن، بەتایبەت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کە بە شێوەیەکی بێ مەرج پاڵپشتیی سیاسی و دیپلۆماسیی پاکستانی کردووە لەم پرۆسەیەدا. هەروەها ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی سعوودیە، قەتەر و میسری کرد بۆ سەرخستنی کەمپەینی ئاشتی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە سەر کێشەکانی پێوەست بە غەززە، فەلەستین و کێشەی کشمیر
سەرۆک وەزیرانی پاکستان هیوا و گەشبینی خۆی نیشاندا، کە بتوانرێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، ئاشتییەکی هەمیشەیی و هەمەلایەنە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە فەرمی بەدیبهێنرێت و ناوچەکە لە مەترسیی جەنگ دووربخرێتەوە.