ئاوارەکانی سەرێ کانی داوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان دەکەن
ئاوارەکانی سەرێ کانی لە حەسەکە گردبوونەوەیەک بۆ داواکردنی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان رێکدەخەن.
ئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کوردستان24 لە شاری حەسەکە، رایگەیاند، ئاوارەکانی سەرێ کانی ئامادەکاری دەکەن بۆ گردبوونەوەیەکی جەماوەری بە مەبەستی گەیاندنی دەنگیان و داواکردنی گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بڕیارە گردبوونەوەکەی ئاوارەکانی سەرێ کانی، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، لە بەردەم بینای پارێزگای حەسەکە بەڕێوەبچێت. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت خەڵکی عەفرین هەمان داواکارییان پێشکەش کرد و بەشێکیان توانییان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
پەیامنێرەکەمان ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە پرۆسەی پاککردنەوەی مین و کردنەوەی رێگاکان لە ناوچەکە دەستی پێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە بە ئاوارەکانی سەرێ کانی نەدراوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
سەبارەت بە رەوشی ئێستای ئاوارەکان، پەیامنێری کوردستان24 روونی کردەوە، خەڵکی سەرێ کانی بەسەر چەندین ناوچەدا پەرتەوازە بوون، بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانن، بەشێکیان لە شارەکانی دیکەی سووریان، هەروەها ژمارەیەکی زۆریشیان لە دوو کەمپی سەرەکیدا لە دەوروبەری شاری حەسەکە نیشتەجێن. ئەم دوو کەمپە بریتین لە "واشۆکانی" و "سەرێ کانی"، خەڵکەکە چەندین ساڵە تیایدا دەژین و دەیانەوێت کۆتایی بەو نەهامەتییە بهێنرێت.
باسی لەوەش کرد، لیژنەی تایبەت بە ئاوارەکانی سەرێ کانی کە گردبوونەوەکەی رێکخستووە، چەندین جار داواکارییان ئاراستەی حکوومەتی سووریا بۆ زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە و وەڵامێکی ئەرێنییان وەرنەگرتووە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشێکیان بە ناوی "کانیی ئاشتی" بۆ سەر ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.
بەهۆی ئەم هێرشەوە زیاتر لە 200 هەزار کەس لە دانیشتووانی رەسەنی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و زۆربەیان روویان لە شاری حەسەکە و کەمپەکانی واشۆکانی و سەرێ کانی کرد .
هەرچەندە لە کۆتایی هەمان مانگدا بە نێوەندگیریی ئەمریکا و رووسیا رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕ واژۆ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
هاوکات لە رووی ئابوورییەوە، رۆژئاوای کوردستان بە قەیرانێکی قووڵدا تێدەپەڕێت، لە شاری قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکە، نرخی سوتەمەنی و کارەبای مۆلیدە بەردەوام روو لە بەرزبوونەوەیە.