عەلی عەزمایی بووە فەرماندەی نوێی هێزی دەریایی سوپای پاسداران

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی، رایگەیاند، ئەدمیراڵ عەلی عەزمایی بە فەرمی وەک فەرماندەی نوێی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەستبەکاربووە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی سوپای پاسداران، لیوا عەلی رەزا تەنگسیری لە 30ـی ئاداری 2026 بەهۆی ئەو برینانەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی ببوو، گیانی لەدەستدا.

ئیسرائیل پێشتر لە 26ـی هەمان مانگدا هەواڵی کوژرانی تەنگسیری بڵاوکردبووەوە و وەک بەرپرسی سەرەکی پلانەکانی داخستنی گەرووی هورمز و چاندنی مینە دەریاییەکان ناوی بردبوو.

عەلی عەزمایی، فەرماندە نوێیەکە، لە یەکەم پەیامیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکەی هەڕەشەی توندی ئاراستەی واشنتن و تەلئەڤیڤ کرد و رایگەیاند: "تۆڵەی خوایی لە ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر دوور نییە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی هەڕەشەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی کوژرانی سەرکردە سەربازییەکانی.

عەلی عەزمایی کێیە؟ یەکێکە لە فەرماندەکانی هێزی دەریایی و لە ساڵی 2012وە فەرماندەیی ناوچەی پێنجەمی دەریایی کردووە، لە ساڵی 2022 لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی ئێرانەوە، پلەی عەمیدی (لیوا ڕوکن) پێدراوە، لە ساڵی 2019دا، ناوی عەزمایی خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، ئەمەش بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچە ستراتیژییەکانی کەنداو.