ترەمپ: سیاسەتی کۆچبەری ئەوروپا بەرەو کارەسات دەبات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ھۆشداری دەدات لەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی سیاسەتەکانی کۆچبەرییەوە بەرەو وەرچەرخان بۆ وڵاتانی جیھانی سێیەم" هەنگاو دەنێن و جەخت دەکاتەوە کە ئەمە دەبێتە هۆی چارەنووسێکی کارەساتبار بۆیان.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند "ئەوروپا ئێستا فێر دەبێت کە کاتێک تاوانبارانی جیھانی سێیەم دەهێنێتە ناو وڵاتەکەیەوە، خۆی دەگۆڕێت بۆ وڵاتی سێیەم"، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گۆڕانکارییە بە خێرایی و لە چاوتروکانێکدا روودەدات.
ترەمپ دەڵێت، ئەو لە کاتێکی گونجاودا بەسەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سیاسەتەکانی ئیدارەکەی رێگرییان کردووە لەوەی ئەمریکا تووشی ئەو چارەنووسە بێت کە بۆ وڵاتانی ئەوروپا پێشبینی دەکات.
ترەمپ لەگەڵ پۆستەکەیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە کەمپێک نیشان دەدات و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بە رەگەز ئەفریقی تێدایە، بەبێ ئەوەی شوێنی وێنەگرتنی ڤیدیۆکە یان ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات.
دۆناڵد ترەمپ لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2025، بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی توند بەرامبەر بە کۆچبەران، ئەم سیاسەتانە توندکردنەوەی چاودێری سەر سنوورەکان، داخستنی رێڕەوەکانی پەڕینەوەی نایاسایی لەگەڵ مەکسیک و جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی و ئەو کەسانەی کە بە تاوان تۆمەتبارکراون، لەخۆدەگرێت.
کۆچبەری نایاسایی بە یەکێک لە دیارترین ئەو بابەتانە دادەنرێت کە ترەمپ سەرنجی لەسەرە و کردوویەتیە تەوەری سەرەکی بەرنامە سیاسییەکەی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەندین وڵاتی ئەوروپی بەردەوام مشتومڕیانە سەبارەت بە سیاسەتەکانی پێشوازیکردن لە کۆچبەران و پەنابەران.