بە ژیریی دەستکرد ڤاکسینێک دژی ڤایرۆسەکان دروست دەکرێت

زانایانی زانکۆی کەمبریج بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد پەرەیان بە تەکنەلۆجیایەکی نوێی ڤاکسین داوە، ئامانج لێی دروستکردنی بەرگرییە دژی تەواوی خێزانە ڤایرۆسییەکان و رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییەکان لە داهاتوودا.

کۆمەڵێک ڤایرۆس لە جیهاندا هەن وەک کۆڤید، سارس، ئیبۆلا و جۆرەکانی دیکە، هەر بە بیستنی ناوەکانیان ترس و دڵەڕاوکێیەکی قووڵ روو لە تەواوی کۆمەڵگەکانی سەر زەوی دەکات. زۆربەی کاتیش جۆرە گۆڕاوەکانی ئەو ڤایرۆسانە لە جۆرەکانی پێش خۆیان مەترسیدارترن کاتێک بە ڤاکسین چارەسەر ناکرێن.

 بۆ چارەسەری ئەمەش، زانایانی زانکۆی کەمبریج بە هاوکاریی ژیریی دەستکرد پەرەیان بە تەکنەلۆجیایەکی نوێی ڤاکسین داوە، دەتوانێت سیستەمی بەرگریی جەستەی مرۆڤ دژی تەواوی خێزانە ڤایرۆسییەکان بەهێز بکات، زانایانیش پێیان وایە ئەم ڤاکسینە دەتوانێت رێگە لە دروستبوونی پەتا بگرێت لە داهاتوودا.

پڕۆفیسۆر جۆناتان هینی لە زانکۆی کەمبریج دەڵێت: "بەو رێگەیە دەتوانین پێش ڤایرۆس بکەوین. پێشتر ڤایرۆس بڵاو دەبووەوە، پاشان ئێمە ڤاکسینمان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس رێگریی لێ دەکەین. کاتی بڵاوبوونەوەی کۆڤید بڕیارمان دا ڤاکسینێکی جیاواز دروست بکەین، نەک تەنیا بۆ یەک جۆر ڤایرۆس، بەڵکوو بۆ گشت زنجیرەکان بەیەکەوە بۆ ئەوەی بەرگری دژی گشت گۆڕاوەکان دروست بکات و رەنگە بتوانێت رێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی دیکەی جیهانی بگرێت."

لە ئێستادا زانایان خەریکی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەن و دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە سەلامەتە بۆ مرۆڤ و کاری پێویست ئەنجام دەدات.

سەبارەت بەو تاقیکردنەوانە، پڕۆفیسۆر جۆناتان هینی روونی کردەوە: "سەرەتا پێویستە بیسەلمێنین ئەمانە سەلامەتن، ئەوەش رێک ئەو کارەیە ئێستا کردوومانە. یەکەم تاقیکردنەوەمان کردووە و پاشان دەچینە سەر تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دووەم، تێیدا دەتوانین مۆڵەتی ئەم 'مایکرۆچیپە ڤاکسینانە' بدەینە ئەو هاوبەشانەی توانای بەرهەمهێنان و زیادکردنی بڕەکەیان هەیە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری نزیکبوونەوەی هەر پەتایەکدا ئامادە بن بۆ بەکارهێنان."

تەنیا بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19 رێژەی گیانلەدەستدان گەیشتە 2.2% و نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستدا. هاوکات لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا چەندین ڤایرۆسی لەوە مەترسیدارتر بڵاوبوونەتەوە و رێژەی مردن بەهۆیانەوە زۆر بەرز بووە، وەک ڤایرۆسی ماربورگ بە رێژەی 80%، نیپا 77% و ئەنفلەوەنزای باڵندە 52.8%.