عەرەبەکانی مووسڵ داوای گەڕانەوەی کورد دەکەن

دوای ساڵی 2003 رێژەیەکی زۆری کوردەکانی مووسڵ شارەکەیان جێهێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

پارێزگای نەینەوا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە، گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر پێکهاتەی دانیشتووانەکەیدا هاتووە. بەپێی ئامارەکانی پەیوەست بە چاودێریی پێکهاتەکانی عێراق، دوای ساڵی 2003 نیوەی دانیشتووانی کورد لە ناوەندی شاری مووسڵ شارەکەیان جێهێشتووە، ئێستا تەنیا %7 بۆ %9ـی کورد لە شارەکەدا ماون.

لە شارێکدا پێشتر بە "شاری پێغەمبەران" ناسراوە، ئێستا بۆشاییەکی گەورە بەهۆی نەبوونی کوردەوە هەستی پێدەکرێت. ئەو کوردانەی لە مووسڵ ماونەتەوە، لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە، بەتایبەت عەرەبەکان، هیوای گەڕانەوەی ئەو دۆخە دەخوازن هەموان پێکەوە دەژیان.

عیماد حەسەن، خاوەنکارێکی کوردە لە ناوەندی مووسڵ، ئاماژە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی رێژەی کورد دەکات و دەڵێت، "پێشتر لە هەندێک ناوچە رێژەی کورد دەگەیشتە %90، بەڵام ئێستا رێژەکە بۆ کەمتر لە %10 دابەزیوە. ئێمە حەز دەکەین و هیوادارین کوردەکان بگەڕێنەوە، چونکە بوونی دراوسێ و هاونەتەوەکانمان لێرە دۆخەکە بۆ ئێمە خۆشتر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، حوسێن عەباس، کاسبکارێکی بازاڕی مووسڵە، جەخت لە پێکەوەژیانی شارەکە دەکاتەوە و دەڵێت، "مووسڵ شاری هەمووانە، کورد، شەبەک، تورکمان و عەرەب. ئێمە هەموومان براین و دەمانەوێت هەموو ئەوانەی رۆیشتوون بگەڕێنەوە ناو شارەکەیان".

کاریگەریی کۆچی کوردەکان تەنیا بەسەر کوردەکانی شارەکەوە نەبووە، بەڵکوو هاووڵاتییانی عەرەبیش نیگەرانن لە چۆڵبوونی گەڕەکەکانیان لە دراوسێ کوردەکانیان.

زەنون یونس، هاووڵاتییەکی عەرەبی دانیشتووی مووسڵە، بە تامەزرۆییەوە باس لە رۆژانی رابردوو دەکات و دەڵێت، "هەموو دراوسێ و هاوڕێکانم چوونە هەرێمی کوردستان، لە دهۆک، هەولێر، کەلەک و بەردەڕەش نیشتەجێبوون. هەموویان برای منن، من داوایان لێدەکەم بگەڕێنەوە و خۆزگە دەخوازم ئەو رۆژانە بگەڕێنەوە".

سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی کوردەکان، هێشتا مۆرکی کوردبوون بەسەر چەندین گەڕەکی ناوەندی شارەکەوە دیارە. لە شاری مووسڵ شەش گەڕەکی گەورەی کوردنشین هەن، لە بەری چەپی مووسڵ، گەڕەکەکانی بازاڕی نەبی، بازاڕی کوردان، عەتشانە، جەزائیر، ئارپەچیا، شێخان و کەرامە هەن. لە بەری راستی مووسڵیش گەڕەکەکانی فاروق و نەجاڕ و چەندین گەڕەکی دیکە هەن.