عێراق بەهۆی گەرماوە رۆژانە 150 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات

روانگەی عێراقی سەوز بۆ ژینگە لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی، عێراق بۆ هەر رۆژێک بڕی 150 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی پێدەگات، هۆشداریش دەدات لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەناوبردنی باخچە و ناوچە سەوزاییەکان، لەگەڵ کاریگەریی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە لە مۆلیدە ئەهلییەکانەوە دەردەچێت.

بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی عێراقی سەوز، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، بڵاوکراوەتەوە، عێراق رووبەڕووی کاریگەرییەکی نالەباری گۆڕانی خێرای کەشوهەوا بووەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، ساڵانە 25 تا 40 رۆژ پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسرە و میسان، دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی، لە راپۆرتەکەدا هاتووە پێش ساڵی 2010، ساڵانە تەنها 3 تا 5 رۆژ پلەکانی گەرما 50 پلەی تێپەڕاندووە، واتە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بە رێژەی 800% زیادیکردووە.

روانگەکە هۆکاری زیانی 150 ملیۆن دۆلاری رۆژانەی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە گەڕاندەوە.

- پچڕانی بەردەوامی تەزووی کارەبا.

 - وەستانی کار و چالاکی بەشێک لە کارگەکان.

 - زیادبوونی بەکارهێنانی سووتەمەنی بۆ وزە.

 - دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا.

راپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە، کۆی گشتی زیانەکانی هاوینی ساڵی رابردوو نۆ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

هەروەها لەسەر ئاستی تەندروستی و ژینگەیی، روانگەی عێراقی سەوز چەند ئامارێکی مەترسیداری خستووەتە ڕوو و رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی عێراق تەنها لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوودا، نزیکەی سێ هەزار و 200 حاڵەتی تێکچوونی تەندروستی بەهۆی گەرماوە تۆمارکردووە.

 ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی قەتیسبوونی گەرما و بەرزبوونەوەی رێژەی گەردەلوولە خۆڵاوییەکان بە رێژەی60 تا 70% درەختەکانی سەر شەقامەکان وشک بوون و لەناوچوون.

روانگەی عێراقی سەوز هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە، کە یەکێک لەوانە راماڵینی زەوییە کشتوکاڵییەکانە، تەنها بەغدا نزیکەی 85%ـی باخ و بستانەکانی لەدەستداوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە دوورگەیەکی وشک کە بەڕۆژ گەرما گلدەداتەوە و بە شەو دەیداتەوەوە.

هەر لە راپۆرتەکەدا یەکێکی دیکە لەهۆکارەکان خراوەتە روو، ئەویش بەردەوامی پرۆسەی سووتاندنی گازی نەوتە کە دەبێتە هۆی دەردانی ملیۆنان تۆن گازی دوانۆکسیدی کاربۆن.

هەروەها پشتبەستنی زیاتری هاووڵاتیان بە مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ دابینکردنی کارەبا، بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق.