وەزیرێکی عێراق: دوو تۆمەتبار بە نیو ملیار دۆلارەوە هەڵاتوون

وەزیری گەیاندنی عێراق ئاشکرای کرد، دوو لە گرنگترین داواکراوان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی، بۆ وڵاتی فەرەنسا هەڵاتوون.

ئەمرۆ یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندنی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی: بەرپرسی لیژنەی ئابووریی سەر بە بریکارە دەستبەسەرکراوەکە لەگەڵ براکەیدا بەرەو فەرەنسا هەڵاتوون، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دوو تۆمەتبارە بە نیو ملیار دۆلارەوە هەڵاتوون.

هەروەها جەختی کردەوە، سەرۆکوەزیران، عەلی فالح زەیدی، رژدە لەسەر راوەدوونانی یاسایی و دادوەریی ئەو دوو تۆمەتبارە لە رێگەی کەناڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتبارەکان و پارە دزراوەکان.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی ئەلعەرەبیە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ناسنامەی ئەو دوو برایەی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، دادگای عێراق بە فەرمی نووسراوی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل)ی بۆ ئەو دوو برایە دەرکردووە کە ناویان حەسەن و مەحموودە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە "دۆسیەی پاڵاوگەکان".

بەپێی سەرچاوەکان، ئەم دوو برایە لە کاتی دەستگیرکردنی "عەدنان جومەیلی" لە دەرەوەی عێراق بوون، حەسەن وەک یەکێک لە داواکراوە هەرە گرنگەکان دادەنرێت، بەوپێیەی بەرپرسی راستەوخۆی بەڕێوەبردنی دۆسیەی گرێبەستەکانی پاڵاوگەکان بووە و توانیویەتی لە رێگەی تۆڕێکی دارایی ئاڵۆزەوە لە دەرەوەی وڵات، ملیۆنان دۆلار بباتە دەرەوەی وڵات.

یەکشەممەی رابردوو ئۆپەرسیۆنێک لەناوچەی سەوزی بەغدا بەرێوەچوو، تێیدا زیاتر لە 70 بەرپرس و سەرۆک حزب و پەرلەمانتاری پێشوو لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکران و سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها زەیدی بەردەوام بوونی ئۆپەراسۆن و دەستگیرکردنی گەندەڵکارانی راگەیاند.