ناتانیاهۆ: تەنیا ئەمریکا هاوپەیمانمان نییە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنیا پشت بە ئەمریکا نابەستێت و دۆستی دیکەی وەک هیندستانی هەیە؛ نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش دا، لە 99%ـی کاتەکاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوڕایە و جەختی کردەوە، ئیسرائیل پێگەی خۆی بۆ پاراستنی مەسیحییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنێت.

یەکشەممە 5ـی تەممووزی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"،وەڵامی لێدوانەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە گوتبووی؛ ئەمریکا تاکە هاوپەیمانی ئیسرائیلە؛ و ئاماژەی دا، وڵاتەکەی خاوەن دۆستی دیکەشە لە جیهاندا و پاڵپشتییەکی جەماوەری و سیاسیی مێژوویی لە لایەن دەوڵەت و خەڵکی هیندستانەوە هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان لە 99%ـی کاتەکاندا هاوبیر و هاوڕان، هەرچەندە وەک هەر پەیوەندییەکی ئاسایی، هەندێک کات جیاوازن لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

نەتانیاهۆ هیچ وەڵامێکی نەرێنی بەرامبەر بە لێدوانەکەی پێشووی ترەمپ نەدایەوە کە گوتبووی؛ "ئەو دەزانێت کێ لێرە سەرۆکە"، بەڵکو جەختی کردەوە کە ئەمریکا "سەرکردەی جیهانی ئازادە و ئیسرائیلیش "تاکە دیموکراسیی راستەقینەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، گۆڕانی تێڕوانینی بەشێک لە گەنجانی لایەنگری پارتی کۆماریی ئەمریکای بەرامبەر بە ئیسرائیل، بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گەڕاندەوە.

ناتانیاهۆ ئەو رەخنانەی رەتکردەوە کە دەڵێن ئیسرائیل لە دۆخی جەنگی بەردەوامدایە و بەڵگەی بە واژۆکردنی چوار رێککەوتنی ئاشتیی "ئەبراهام" لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا هێنایەوە.

لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان جێگیرە، رایگەیاند سەرکردەی بەشێک لە گوندە مەسیحییەکانی باشووری لوبنان، هاوشانی درۆزەکان و موسڵمانانی سوننە و شیعە، داوایان لێکردوون پارێزگارییان لێبکرێت لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵا، و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل پێگەی خۆی بۆ پاراستنی ماسیحییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنێت.