سوپای ئیسرائیل: بە توندی وەڵامی هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست دەدەینەوە
فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل، لە کاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان لە قەڵای مێژوویی بوفۆرت لە باشووری لوبنان رایگەیاند، هێزەکانیان بە بڕیارێکی توندەوە بەردەوام دەبن لە کەمپەینی سەربازیی دژی حزبوڵڵا و هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست بە خێرایی و بە هێرشی پێچەوانە وەڵام دەدەنەوە .
یەکشەممە 5ـی تەممووزی 2026، بەپێی راگەیاندراوێکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زامیر، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیسرائیل، سەردانی ئەو هێزانەی کرد کە لە دەوروبەری قەڵای مێژوویی "بوفۆرت" (قەڵای شەقیف) لە باشووری لوبنان جێگیرکراون؛
ئەیال زامیر لە میانی سەردانەکەیدا رایگەیاند: "هێزەکانمان بە بڕیارێکی توندەوە کار دەکەن بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە نێو خاکی لوبناندا و ئامادەن بە خێرایی بگۆڕدرێن بۆ هێزی هێرشبەر ئەگەر ئاگربەستەکە پێشێل بکرێت"
ئاماژەی بە رێککەوتنی ئاگربەستی ئەمنیی ئەم دواییە کرد کە بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا واژۆ کرا و گوتی: "چالاکییەکانی هێزەکانمان لە بەرزاییەکانی بوفۆرت و سەرانسەری باشووری لوبنان، بەپێی چوارچێوەی رێککەوتنەکە و میکانیزمە فەرمییەکانی جێبەجێ دەکرێت."
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئیسرائیل هۆشداریشی دایە لایەنی بەرامبەر و رایگەیاند: "هەر هەڕەشەیەک کە ئاڕاستەی هێزەکانمان یان هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیل بکرێت، دەستبەجێ دەکرێتە ئامانج و لەناو دەبرێت."
ئەیال زامیر داوای لە سوپای نیشتمانیی لوبنان کرد، پابەندبوونەکانی خۆی بەپێی رێککەوتننامە مێژووییەکە جێبەجێ بکات، لەوانەش پاککردنەوەی ناوچەکە لە چەکدارانی حزبوڵڵا و تێکدانی ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە
ئیسرائیل کە لەم دواییانەدا دەستی بەسەر قەڵای بوفۆرتدا گرت (کە لە ساڵی 7982 تا کشانەوەی لە ساڵی 2000 بنکەیەکی سەرەکیی چاودێری سوپاکەی بوو)، رایگەیاندووە، تۆڕێکی فراوانی ژێرزەمینیی تونێلیان لە ژێر قەڵاکەدا دۆزیوەتەوە کە حزبوڵڵا وەک بنکەیەکی سەربازیی بەهێز لە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە سنووری ئیسرائیلەوە بەکاری دەهێنا .
پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 2ـی ئاداری ڕابردوودا گەیشتە قۆناخێکی مەترسیدار، کاتێک حزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و ئەوانیش بە هێرشی ئاسمانیی توند و ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە باشووری لوبنان وەڵامی دایەوە، و سەرباری رێککەوتنی ئاگربەست، هێشتا هێزەکانی لە سەر سنوورەکان هێشتووەتەوە.